گواستنەوەی ئارەزوومەندانەی خەڵکی غەززە دەستیپێکردووە

03-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
 ئامانجی ئیسرائیل لکاندی بەشێکی کەرتەکەیە بە وڵاتەکەی.
ئامانجی ئیسرائیل لکاندی بەشێکی کەرتەکەیە بە وڵاتەکەی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تانکەکانی سوپای ئیسرائیل. ئۆپەراسیۆنەکانیان لە کەرتی غەززە چڕتر کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا وڵاتەکە رێگە بە دەرچوونی ئارەزوومەندانەی خەڵکی غەززە لە کەرتەکە دەدات.  
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکانیان دەڵێت، "ئەمشەو ئێمە ئۆپەراسیۆنەکانمان لە کەرتی غەززە فراوانتر دەکەین؛ سوپای ئیسرائیل دەست بەسەر شوێنە کۆنترۆڵکراوەکاندا دەگرێت و لە تیرۆرستان دەدات و ژێرخانیان وێران دەکات." 
 
رۆژی چوارشەممە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانج لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ ئەوەیە بەشێکی گەورەی غەززە بلکێندرێت بە زۆنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە. 
 
لە 18ـی مانگی رابردووەوە؛ ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی دەستپێکردووەتەوە و لەوکاتەشەوە داوای چۆڵکردنی 17٪ـی کەرتەکەی کردووە. 
 
هامش فاڵکنەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دەڵێت، "بەریتانیا پشتگیریی لە فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل ناکات و بەردەوامبوونی خوێنڕشتن، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە." 
 
لەگەڵ دەستپپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانیش، ئیسرائیل رێگەی بە رۆیشتنی ئارەزوومەندانەی غەززەییەکان بۆ وڵاتی سێیەم داوە و دەڵێت، ئەو پلانە لەچوارچێوەی پلانە گشتییەکەی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
 
ئیسرائیل رایگەیاندووە تاوەکو ئێستا چەندین کاروانی غەززەییەکان گوێزراونەتەوە بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا، رۆمانیا و ئیمارات. 
 
مووشی ئاربێل، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل باس لە چۆڵکردنی کەرتی غەززە دەکات و دەڵێت، "ئەمڕۆ لە فرۆکەخانەی رامونم لە شاری ئیلات، بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی رۆیشتنی ئارەزوومەندانەی دانیشتووانی غەززە. هەر ئەمڕۆ فرۆکەیەکی دیکەش دەڕوات و لەماوەی رابردووشدا زیاتر لە 10 گەشتی ئاسمانی رۆیشتنی ئارەزوومەندانە هەبووە. ئەوەی ئەمڕۆ بۆ ئەڵمانیایە، ئەمەش بەمەبەستی گەشەپێدانی ناوچەکەیە." 
 
بەگوێرەی راپرسییەکی رۆژنامەی تێلەگرافی بەریتانی کە مانگی رابردوو بڵاویکردووەتەوە، 52٪ـی غەززەییەکان کە دەکاتە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار کەس، ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، ئامادەن بەشێوەیەکی کاتی یان بەیەکجاریی غەززە جێبهێڵن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە