رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حەماس ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت بە هێرشی زەوینی بۆ سەر رەفەح، بەربەست لەبەردەم گفتوگۆی ئاگربەست دروستبکات.
ئیسرائیل گوێی بە هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان نەدا و تانکی ناردە نێو شارەکەی باشووری کەرتی غەززە، کە زیاتر لە 1.3 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینیی تێدا گیرساونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، ئیسرائیل دەستی بەسەر دەروازەی رەفەحدا گرت کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر و دەرەچەی سەرەکی رۆیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ کەرتی غەززە.
رۆژی پێنجشەممە، عیزەت ریشق، بەرپرسی حەماس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و دەروازە سنووریەکەی، "دروستکردنی بەربەستە بۆ هەوڵی نێوەندگیرەکان" کە دەیانەوێت حەماس و ئیسرائیل رازیبکەن شەڕ بوەستێنن.
بەڵام بە گوتەی ئەو بەرپرسە، حەماس هێشتا پابەندە بە "پەسندکردنی پێشنیازی ئاگربەست کە لە لایەن نێوەندگیرەکانەوە خراوەتەڕوو."
بەرپرسەکە هەروەها باسی لەوە کرد، شاندێکی حەماس قاهیرەی جێهشتووە و گەڕاوەتەوە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
میسر، قەتەر و ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاگربەستێک لە غەززە بێننە کایەوە.
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە، گفتوگۆکان لە پایتەختی میسر بە بەشداریی شاندی میسری، قەتەری، ئەمریکی و حەماس بەردەوام بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ