رووداو دیجیتاڵ
لە سەروبەندی ساڵیادی هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونیشنەکان، ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی گەورەی کردە سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان.
شەوی رابردوو ئاسمانی بەیرووت بە چەند تەقینەوەیەکی زەبەلاح رووناک بووەوە و دووکەڵ بەدوایدا ئاسۆکەی لێڵ کرد.
سبەی (دووشەممە، 7ـی تشرینی یەکەم) یەکەم ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی غەززەیە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسی فەلەستین، کە ئێستا پەلی بۆ باشووری لوبنان هاویشتووە و پریشکەکانی گەیشتوونەتە یەمەن، عێراق، سووریا و ئێرانیش.
دوای ساڵێک لە باراندنی ئاگر و بارووت بەسەر کەرتی غەززەدا، وێرانکردنی ناوچە فەلەستینییەکە و کوشتنی زیاتر لە 41 هەزار کەس کە زۆربەیان سڤیلن، ئێستا ئیسرائیل سەرنجی گواستووەتەوە سەر شەڕی دژی حیزبوڵڵای لوبنانی لە باکوور.
میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، باشووری بەیرووت بە زیاتر لە 30 هێرشی ئاسمانی کراوەتە ئامانج کە لە تەواوی شارەکەدا گرمە گەورەکەیان بیسترا.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "زنجیرەیەک هێرشمان کردە سەر کۆگەکانی چەک،" گوتیشی، "ژمارەیەک هەنگاو گیرانەبەر بۆ ئەوەی مەترسیی زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل کەمبکرێتەوە."
وەک لە پەخشی راستەوخۆی رووداودا لە رێگەی کامێرای ئاژانسەکانەوە بینرا، تۆپەڵەیەکی زەبەلاحی ئاگر لە شوێنێکی نیشتەجێبوون لە باشووری بەیرووتدا بەرزبووەوە و گرمەیەکی گەورە و چەند تەقینەوەیەکی دیکە بەدوایدا هاتن. تاوەکو ئێستاش دووکەڵ لەو شوێنانە بەرزدەبێتەوە.
لە ناوچەی سەبرە لە نزیک باشووری بەیرووت، دەیان کەس، هەندێک بە جانتا و بە پێ و ئەوانی دیکە بە ماتۆر، بەهۆی بۆردوومانەکەی ئیسرائیل ماڵەکانیان جێهێشت.
حیزبوڵڵا رایگەیاند، لە گوندی بلیدە لە باشووری لوبنان، هێزێکی ئیسرائیلی هەوڵیدابوو سنوور ببەزێنێت، بەڵام بە تۆپباران ناچاریان کردوون بکشێنەوە.
راگەیێندراوێکی حیزبوڵڵا گوتی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، چەکدارەکانی توانیویانە بە گورزە رۆکێت لە سەربازانی ئیسرائیلی بدەن کاتێک هەوڵیانداوە "سەربازە کوژراو و بریندارەکانیان" لە نزیک سنووری منارە ببەنەوە.
حیزبوڵڵا هەروەها باسی لەوە کرد، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل.
"هەڕەشەی بەردەوام"
لە کاتێکدا سبەی ساڵیادی هێرشەکەی حەماسە بۆ ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە، بە هێزێکی زیادکراوەوە بۆ ئەم رۆژە ئامادەین،" کە بە گوتەی خۆی، دەکرێت "لە بەرەی نێوخۆوە هێرش بکرێت."
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل، لەو رۆژەدا کە حەماس هێرشەکەی کرد، واتە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، هەزار و 205 کەس کوژران. کوژراوەکان ئەوانەش دەگرێتەوە کە سەرەتا وەک بارمتە کەوتنە دەست چەکدارە فەلەستینییەکان و دواتر لە دەستبەسەریدا لە غەززە گیانیان لەدەستدا.
دوای ساڵێک لەو هێرشە، هێشتا ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەردەوامە، وێڕای ئەوەی ئێستا قورسایی هێرشەکانی خستووەتە سەر حیزبوڵڵا.
رۆژی شەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە، "لەسەر زەوی و لە ئاسمانەوە،" نزیکەی 440 چەکداری حیزبوڵڵایان کوشتووە.
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکەی بۆ سەر باشووری لوبنان ئەوەیە سنوورەکە لە حیزبوڵڵا دابماڵێت و رێگە بە گەڕانەوەی 92 هەزار ئیسرائیلی بدات بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، کە بە هۆی تۆپباران و هاوەنبارانی حیزبوڵڵاوە لە 12 مانگی رابردوودا ئاوارە بوون.
ئیسحاق هێرتزۆگ، ئێرانی بە "هەڕەشەیەکی بەردەوام" ناوبرد دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە، لە وەڵامی کوشتنی سەرکردەکانی گرووپەکانی لایەنگری ئێران، تاران نزیکەی 200 مووشەکی بە ئیسرائیلەوە نا.
هێرشەکەی ئێران بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین. هەروەها بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، هێرشەکە زیانی بە بنکەیەکی ئاسمانیی ئیسرائیل گەیاند.
هێرشەکە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دوای چەند رۆژێک لە بۆردوومانی چڕ بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە ئیسرائیل دەڵێت پێگەی حیزبوڵڵان لە سەرانسەری لوبناندا.
"بەرخودان ناسرەوێت"
بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "سوپا ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی" هێرشەکەی ئێران دەکات.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، لە مانگی نیسانەوە، ئێران دوو جار بە "سەدان مووشەک" هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل.
نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی "ئیسرائیل ئەرک و مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات و وەڵامی ئەم هێرشانە بداتەوە، کە بێگومان هەر واشدەکەین."
نەتەنیاهوو لە لایەن رەخنەگرانییەوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی رێگری لە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەکات.
رۆژی شەممە، بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵا گوتی، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی هەینیی رابردوو بۆ سەر باشووری بەیرووت، پەیوەندییان لەگەڵ هاشم سەفیەدین پچڕاوە، ئەو کەسەی کە چاوەڕواندەکرا شوێنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بگرێتەوە.
بزووتنەوە لوبنانییەکە تاوەکو ئێستا هیچ سەرکردەیەکی بۆ خۆی دەستنیشان نەکردووە.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رۆژی هەینی گوتی "بەرخودان لە ناوچەکدا ناسرەوێت."
درەنگی شەوی شەممە، ئیسرائیل هۆشداری بە دانیشتووانی چەند شوێنێکی باشووری بەیرووت دا، چۆڵی بکەن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی لوبنان، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو وڵاتە لە 23ـی ئەیلوولەوە بوونەتە هۆی کوژرانی هەزار و 110 کەس.
"کابووسێکی بێ کۆتایی"
فلیپۆ گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران گوتی، لوبنان "رووبەڕووی قەیرانێکی زۆر خراپ دەبێتەوە،" هۆشداریشی دا کە "سەدان هەزار کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە نەدار و دەربەدەر بوون."
بۆردوومانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی لەکارکەوتنی چوار نەخۆشخانەی لوبنان، ئەمە وەک بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن.
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل داوای لێکردبوون لە هەندێ خاڵە سەربازییەکانیان لە باشووری لوبنان بکشێنەوە، بەڵام داواکەیان رەتکردووەتەوە.
دوای ئەوەی سەردانی بەیرووتی کرد، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە، گەیشتە دیمەشق و داوای وەستاندنی جەنگی کرد لە غەززە و لوبنان، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد، لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران، "تووندتر" لە جارانی پێشوو وەڵامیان دەبێت.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، ئێستا کاتی ئەوەیە "ناردنی چەک بۆ شەڕی غەززە بوەستێنین" و رەخنەی لە هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گرت.
نێوەندگیرانی ئەمریکی، میسری و قەتەری ماوەی چەندین مانگ هەوڵیاندا ئیسرائیل و حەماس بە رێککەوتنێک رازیبکەن تاوەکو جەنگ بوەستێت و ئەو 97 بارمتەیەی هێشتا لە غەززەن بگەڕێنرێنەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر مزگەوتێکی شاری دێربەلەحی کەرتی غەززە بووەتە هۆی کوژرانی 21 کەس. سوپای ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشەدا "چەکدارانی حەماس"ـی کردووەتە ئامانج.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 41 هەزار و 825 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ