رووداو دیجیتاڵ
سعودیە رایگەیاند، 16ـی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، ئەوەش دوای ئەوەی پشتڕاستیکردەوە ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) مانگ بینراوە و سبەی یەکەمین رۆژی مانگی زولحیجەیە.
حاجییان لە هەشتەم رۆژی زولحیجە، کە دەکاتە 14 حوزەیران، بە ئیحرامەوە، بە حەوت جار تەوافکردن بە دەوری کەعبەی پیرۆز، دەست بە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەکەن و، لە دەیەم رۆژی زولحیجە، کە دەکاتە 16ـی حوزەیران، قوربانی دەکەن و موسڵمانانیش دەیکەنە جەژن.
دادگەی باڵای سعودیە داوای لە موسڵمانان کردبوو لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، چاودێریی مانگ بکەن. هەروەها لیژنەیەکی تایبەت بۆ بینینی مانگ پێکهێنرابوو.
تەواوی مانگی زولحیجە کە دوایین مانگی ساڵنامەی کۆچییە، لای موسڵمانان پیرۆزە. یەکێکە لەو چوار مانگەی کە تێیاندا شەڕکردن لەسەر موسڵمانان حەرام کراوە.
ساڵانە ملیۆنان موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە مەککە بۆ ئەوەی ئەرکی حەج بەجێبگەیێنن و بەشێکی زۆریشیان سەردانی مزگەوتی پێغەمەر (د.خ.) لە مەدینەی منەوەرە دەکەن.
لە ئایینی ئیسلامدا، هەر موسڵمانێکی پێگەیشتووی خاوەن هۆش کە توانای جەستەیی و دارایی هەبێت، پێویستە لانیکەم جارێک حەج بکات.
حەجکردن لە دوای شایەتومان، نوێژ، زەکات، رۆژووی مانگی رەمەزان یەکێکە لە پێنج ستوونەکەی ئایینی ئیسلام.
هەموو رێکارەکانی حەج دەکەونە مانگی زولحیجەوە و چوار تاوەکو شەش رۆژ دەخایێنێت.
سعودیە راگەیاندووە ئەم ساڵ پێشوازی لە دوو ملیۆن حاجیی بیانی دەکات.
جەژنی قوربان هاوکاتە لەگەڵ قوربانیکردن لەلایەن حاجییانەوە کە بە دەستی خۆیان یان کەسێک بە نوێنەرایەتیی ئەوان، ئاژەڵێک سەردەبڕێت و گۆشتەکەی دەبەخشێتەوە.
قوربانییەکە وەک لە قورئانی پیرۆزدا باسکراوە، بنچینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەیامبەر ئیبراهیم (د.خ.) کاتێک سەرەتا لە خەونێکدا، وەک تاقیکردنەوەیەک، لەلایەن خوداوە داوای لێکرا ئیسماعیلی کوڕی (د.خ.) بکاتە قوربانی، بەڵام دوای ئەوەی ئامادەیی دەنوێنێت، بەرانێکی پێشكێش دەکات بۆ ئەوەی لە بری کوڕەکەی بیکاتە قوربانی.
قۆناخەکانی حەج:
ئیحرام:
سەرەتا حاجییان نییەتی حەجکردن دێنن.
پیاوان خۆیان بە پەڕۆیەکی سپیی نەدووراو کە پێی دەگوترێت (ئیحرام) دەپۆشن، بەڵام ژنان تەنیا ئەوەیان لەسەر واجبە کە جلێکی پۆشتە لەبەرکەن، گرنگ نییە رەنگ و شێوەی چۆنە.
تەواف:
تەوافی هاتن: لەگەڵ گەیشتنی حاجییان بە مەککە، حەوت جار تەواف بە دەوری کەعبەدا دەکەن و لە بەردە رەشەکەوە دەستپێدەکەن.
سەفا و مەروە:
دوای تەواف، حاجییان حەوت جار لەنێوان شاخەکانی سەفا و مەروەدا هاتووچۆ دەکەن، هاوشێوەی گەڕانی هاجەری هاوژینی پەیامبەر ئیبراهیم (د.خ.) کاتێک لەوێ بۆ ئیسماعیلی کوڕی، بەدوای ئاودا دەگەڕا.
رۆیشتن بەرەو مینا:
لە هەشتەم رۆژی زیلحیجە، کە بە رۆژی "تەرویە" دەناسرێت، حاجییان دەچنە مینا کە ناوچەیەکی پیرۆزی مەککەیە و لەوێ نوێژ دەکەن.
وەستان لە کێوی عەرەفە:
لە نۆیەم رۆژی زولحیجە کە بە رۆژی عەرەفە دەناسرێت، حاجییان دەچنە کێوی عەرەفە و تاوەکو خۆرئاوابوون لەوێ دەمێننەوە.
مانەوە لە موزدەلیفە:
دوای خۆرئاوابوونی رۆژی عەرەفە، حاجییان دەچنە موزدەلیفە و لەوێ نوێژی مەغریب و عیشا کۆدەکەنەوە، واتە بەیەکەوە دەیانکەن و وردە بەرد بۆ قۆناخی داهاتوویان کۆدەکەنەوە.
بەردبارانکردنی عەقەبەی گەورە:
لە دەیەم رۆژی زولحیجە، کە رۆژی قوربانیکردنە، حاجیان حەوت بەرد دەگرنە عەقەبەی گەورە.
قوربانیکردن:
حاجییان ئاژەڵی قوربانی سەردەبڕن
سەرتاشین یان قژکورتکردن:
پیاوان سەریان دەتاشن یان قژیان کورت دەکەنەوە. بەڵام ژنان بەشێکی کورتی قژیان لێ دەکەنەوە
تەوافی دیکە:
حاجیان دەگەڕێنەوە مەککە بۆ تەواوفێکی دیکە
گەڕانەوە بۆ مینا:
حاجیان لە 11 تا 13ـی زولحیجە لە مینا دەمێننەوە و هەموو رۆژێک هەر سێ عەقەبەی بچووک، مامناوەند و گەورە بەردباران دەکەن.
تەوافی ماڵئاوایی:
دوای کۆتاییهاتنی هەموو قۆناخەکان، پێش جێهێشتنی مەککە، حاجیان تەوافی کۆتایی بە دەوروی کەعبەی پیرۆزدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ