رووداو دیجیتاڵ
پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوەی ئەمریکا "دەست بەسەر" غەززەدا بگرێت و "خاوەندارێتی" بکات، لەگەڵ گواستنەوەی دانیشتووانەکەی بۆ چەند ناوچەیەکی دیکە، رەنگە روونەدات، ئەوە پێویستی بە هاوکاریی دەوڵەتە عەرەبییەکان و خەڵکی غەززەیە کە هەردوولایان رەتی دەکەنەوە.
ئوردن و میسر، ئەو دوو وڵاتەی کە ترەمپ دەیەوێت فەلەستینییەکانی غەززە وەربگرن، قسەی جیاواز لەوەی ترەمپیان هەیە. هەروەها سعودیە، کە رەنگە چاوەڕێ بکرێت تێچووەکەی دابین بکات.
هاوپەیمانانی رۆژئاوایی ئەمریکا و ئیسرائیلیش دژی ئەو بیرۆکەیەن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی لەگەڵ نەتەنیاهوو دا گوتی، "هەمووان ئەو بیرۆکەیەیان بە دڵە."
رووداو قسەی لەگەڵ بەشێک لە دانیشتووانی غەززە کردووە، ئەوان جگە لەوەی بە یەک دەنگ رەتیدەکەنەوە، بەشێکیان دەڵێن دەبێت دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەو قسانەی لەلایەن دادگەوە دەستگیر بکرێت.
دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و زەبروزەنگ، رەنگە بەشێک لە فەلەستینییەکانی غەززە ئارەزووی ئەوە بکەن کە بڕۆنە دەرەوە ئەگەر دەرفەتیان هەبێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر ملیۆنێکیش بڕۆن، هێشتا نزیکەی 1.2 ملیۆن کەسی دیکە لەوێ دەمێننەوە.
عەلی حوسێن، خەڵکی غەززەیە، بە رووداوی گوت: "ئەمە بە تاوانێک دژی مرۆڤایەتی دەزانین و دەبێت ترەمپ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزا بدرێت. پێویستە دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی ترەمپ دەربکات، چونکە لێدوانەکانی سەبارەت بە راگواستنی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززەوە بۆ ئوردن و میسر تاوانێکی گەورەیە و بیرۆکەیەکی داگیرکارییە و رەتدەکرێتەوە."
ئەو پلانەی دۆناڵد ترەمپ کۆتایی بە هەر هیوایەک دەهێنێت کە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ئیسرائیل و غەززە پێشنیاز دەکات؛ ئێستا حکومەتی نەتەنیاهوو بە تووندی دژی ئەو بیرۆکەیەیە و بە درێژایی چەندین دەیەیە گفتوگۆی ئاشتی شکستپێهێناوە. ئێستا "دوو دەوڵەت بۆ دوو گەل" کە بنەمایەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە لە ساڵانی 1990ـەوە، بووەتە درووشمێکی تا رادەیەک "بەتاڵ."
پلانەکەی ترەمپ یاسا نێودەوڵەتییەکانیش پێشێل دەکات.
محەممەد قەرا، هاووڵاتییەکی دیکەی فەلەستینییە و لە غەززە نیشتەجێیە، دەڵێت: "ئێمەی فەلەستینی لە ساڵی 1948 راگوێزراین و چیتر دووبارەی ناکەینەوە. هەرچی روو بدات لە غەززە دەمێنینەوە. بۆ ماوەی 15 مانگ رووبەڕووی شەڕی لەناوبردن بووینەوە بۆ راگواستنمان، بەڵام رەتمان کردەوە. هەوڵی ئێستای ترەمپ بۆ راگواستن رەتدەکەینەوە و ناچینە میسر و ئوردن و هیچ وڵاتێکی دیکە."
ئەو دەڵێت، "دەستمان بە غەززەوە گرتووە و بە هیچ شێوەیەک رازی نابین لە غەززە رابگوێزرێین. پێشنیاز دەکەین لە جیاتی راگواستنی ئێمە، با ترەمپ ئیسرائیلییەکان ببات بۆ لای خۆی و ویلایەتێکیان بۆ دروست بکات لە ئەمریکا."
لەبیبە زەعرەب، ژنێکی نیشتەجێی غەززەیە و قسەی بۆ رووداو کردووە لەسەر ئەو پرسە، ئەو "بە تەواوی" رەتی دەکاتەوە لە کەرتی غەززە کۆچ بکات، دەڵێت، "چونکە وڵاتی منە. ئەوەی لە وڵات و ماڵی خۆی دەردەچێت ژیانێکی باشتر لە دەرەوە نابینێت و هیچ وڵاتێک لە وڵاتی خۆمان باشتر نییە."
بە گوتەی خۆی، سەردانی چەندین وڵاتی کردووە، لە میسر خوێندوویەتی و چووەتە لیبیا و سعودیە و ئوردن، "بەڵام هیچ شوێنێک لە وڵاتەکەمان لە فەلەستین باشتر نییە، تەنانەت لە غەززەش باشتر نییە. غەززەمان خۆش دەوێت کە تێیدا لەدایک بووین و تێیدا ژیاین و ناتوانین لێی دەرچین و تەنانەت بیریشی لێ ناکەینەوە."
بەهۆی جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023وە، زیاتر لە 700,000 فەلەستینی یان هەڵهاتوون یان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە ناچارکراون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. لەدوای ئاگربەست، بەشێک لەو خەڵکە گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، بەڵام ماڵ و جێگەیان خاپوور بووە.
یاسر حەمدان، هاووڵاتییەکی دیکەی فەلەستینییە، دەڵێت: "هەموومان رەتی دەکەینەوە و تەنانەت منداڵەکانیشمان بە یەک دەنگ رەتی دەکەنەوە. ئێرە خاکی رەباتە و دەستی لێ هەڵناگرین و تا رۆژی دوایی لێرە دەمێنینەوە، ترەمپ حەزی لێ بێت یان نا، ئیسرائیل حەزی لێ بێت یان نا. ئێمە لێرە دەمێنینەوە چونکە خاکی خۆمانە و خاکی باوک و باپیرانمانە و خاکی رەباتە. ئەمە بۆ ئێمە بیروباوەڕێکە و لە خاکەکەمان دەرناچین، یان دەمرین یان بە زیندوویی دەمێنینەوە. مردوو و زیندوو لێرە دەمێنینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ