رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل بەچڕی چەند شوێنێکی باشووری بەیرووتی بۆردوومان کردن.
نزیکەی کاژێرێک دوای ئەوەی کە هۆشداریی بە خەڵکی باشووری بەیرووت دا، 10 شوێن چۆڵ بکەن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند شوێنکی بۆردوومان کرد.
ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپاکە لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نەخشەیەکی بڵاوکردبووەوە کە پێشانی دەدات ئەو شوێنانە لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون، خواردنگە و فرۆشگەکان پێکدێن و دەکەونە گەڕەکەکانی حرەیک، بورج بەراجنە و شوەیفات.
نزیکەی کاژێرێک دوای هۆشدارییەکە، گەڕەکەکانی حرەیک و شوەیفات بە سێ هێرش هەژێنران.
ئەدرەعی رایگەیاندبوو: "ئێوە لە نزیک پێگە و بەرژەوەندییەکانی حیزبوڵڵان و سوپای بەرگریی ئیسرائیل لە ماوەیەکی نزیکدا لە دژیان هەنگاو دەنێت. لەپێناو سەلامەتیی خۆتان و ئەندامانی خێزانەکانتان، پێویستە ئەو باڵەخانانە و ئەوانی دەوروبەریشیان بە زووترین کات چۆڵبکەن و بە مەودای لانیکەم 500 مەتر لێیان دووربکەونەوە."
میدیای فەرمیی لوبنان دەڵێت، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ئیسرائیل پێنج جار باشووری بەیرووتی بۆردوومان کردووە، کە چواریان "زۆر گەورە بوون."
بە گوێرەی میدیاکە، یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکی شوەیفات بووە. میدیاکە ئاماژە بەوەش دەکات، وێڕای بۆردوومان، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتیی بەیرووت نەوەستاون و "ژمارەیەک فڕۆکەی کۆمپانیای میدڵ ئیست ئێیەر لاینز تازە نیشتنەوە".
باشووری بەیرووت بە مەڵبەندی حیزبوڵڵا دادەنرێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند، "تاوەکو لەنێوبردنی حیزبوڵڵا" لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
هەروەها ئەدرەعی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لەوە کردووە، هێرتسی هالیێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل "جەختیکردووەتەوە کە درێژە بە گوشاری سەر حیزبوڵڵا دەدەن و گورزی دیکەی بەردەوامی لێ دەوەشێنن بێ هیچ ئاسانکارییەک بۆ ئەوەی هەناسەوەرنەگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ