هەتەشە تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە حەما دوورە

05-12-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەکدارانی تەحریری شام - هەتەشە لە دەرەوەی شاری حەما لەگەڵ سوپای سووریا و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە شەڕدان. شەڕەکە لە گوندەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی حەمایە. چەکدارەکان تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە نێوەڕاستی حەماوە دوورن.
 
چەکدارانی تەحریری شام رۆژی چوارشەممە 04-12-2024 گوشارەکانیان بۆ چوونە نێو شاری حەما چڕکردووەتەوە و دەیانەوێت هاوشێوەی حەلەب کۆنتڕۆڵی بکەن. لە چوارشەممەی رابردووەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام هەڵمەتێکیان لە دژی سوپا و حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و دەیانەوێت شارە گرنگەکانیان لە ژێر دەست دەربهێنن. 
 
ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، لە ڤیدیۆیەکدا لە دەرەوەی قەڵای حەلەب لە نێوەڕاستی شارەکە دەردەکەوێت و چەند لایەنگرێکیشی هووتافی بۆ لێدەدەن.
 
حەما، بە شارێکی ستراتیژی دادەنرێت بەوەی لەسەر رێگەی سەرەکییە بۆ دیمەشقی پایتەخت و بە کەوتنیشی، پێشڕەویی گرووپە چەکدارەکان بەرەو پایتەخت ئاسانتر دەبێت. 
 
چەکدارانی هەتەشە بە رێگەی سەرەکیی نێوان حەلەب و دیمەشق خۆیان گەیاندە دەورووبەری شاری حەما و بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک تاوەکو ئێستا 20 گوندیان گرتووە و پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورن.
 
هێزەکانی دژە حکومەتی سووریا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا، گوندەکانی پاسیف، ئەلجید، ئەلکەریم و حەمڕایان گرتووە. 
 
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، لە گوندی ئووەیر و چیای زەینەلعابدین لە باکووری حەما شەڕ لە نێوان هێزەکانی حکومەت و چەکدارەکاندا روویدا. ئێستا هەتەشە لە گرتنی حەما زۆر نزیکبووەتەوە کە لە 12 ساڵەی جەنگی ناوخۆی سووریا هەمیشە لە دەستی حکومەتی بەشار ئەسەد بووە.
 
ئێران و مۆسکۆ، دوو هاوپەیمانەکەی دیمەشق هەرچەندە شەڕەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی سەرقاڵن، بەڵام رووسیا لە بۆردوومانکردنی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان لە بەرژەوەندیی ئەسەد بەردەوامە.
 
سووریا بۆ ئێران رێگەیەکی گرنگی گواستنەوەی هاوکارییەکانی لوبنان بەتایبەت حیزبوڵڵای شیعەیە. رووسیاش لەلایەکی دیکە، بەندەرێکی هێزی دەریایی لە دەریای نێوەڕاست کە دەکەوێتە کەناری تەرتووس هەیە و بنکەیەکی ئاسمانیشی لە ناوچەی حمێمیم لە لازقییە کردووەتەوە.
 
رووسیا و ئێران لە 2015 بۆ 2020 یارمەتیی حکومەتی سووریایان دا زۆرترینی خاکی لەدەستچووی سووریا وەرگرێتەوە، کە لە سەرەتای 2011 لەدەستی دابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە