حکومەتی غەززە: ژنە کوردە ئێزدییەکە بە خواستی خۆی رەوانەی لای کەسوکاری کراوەتەوە و ئیسرائیل ئازادی نەکردووە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی غەززە لەبارەی ژنە کوردێکی ئێزدی کە دوای زیاتر 10 ساڵ رفاندنی لەلایەن داعشەوە گەڕێندرایەوە نێو کەسوکارەکەی لە شنگال روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای کوژرانی هاوژینی دووەمی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی، داوای لە حکومەتی ناوچە فەلەستینییەکە کرد یارمەتی بدەن بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی لە شنگال.
 
فەوزییە سەیدۆ ئەو ژنە کوردە ئێزدییەیە کە شەوی چوارشەممە گەڕێندرایەوە شنگال و بە کەسوکاری شادبووەوە.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، "ژنێکی ئێزدی تەمەن 21 ساڵ کە لەلایەن تیرۆریستێکی حەماسی سەر بە داعش بە بارمتە گیرابوو، رزگار کرا و بۆ خێزانەکەی خۆی لە عێراق گەڕێندرایەوە."
 
بەڵام حکومەتی غەززە ئەوە رەتدەکاتەوە و لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ژنەکە بە خواستی خۆی چووەتە غەززە و دوای کوژرانی هاوژینی دووەمی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی، داوای لە حکومەتی ناوچە فەلەستینییەکە کرد یارمەتی بدەن تاوەکو بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی لە شنگال.
 
حکومەتی غەززە دەڵێت، دامودەزگاکانی غەززە ئەو ژنەیان لە شوێنێکی سەلامەت لەگەڵ بیانییەکانی دیکە پاراست، تاوەکو ئەو کاتەی لە رێگەی حکومەتی ئوردنەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل کرا بۆئەوەی لە دەروازەی کەرەم ئەبو سالمەوە غەززە جێبهێڵت و بگاتەوە شنگال.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش جەختی لە گێڕانەوەکەی سوپای ئیسرائیلی کردەوە و گوتی، ئەو ژنە لەلایەن چەکدارێکی داعشەوە فرۆشراوە بە چەکدارێکی حەماس، دوای کوژرانی چەکدارەکەی حەماس، "توانیویەتی خۆی رزگاربکات."
 
حکومەتی کەرتی غەززە دەڵێت، "خانمە ئێزدییەکە ژیانی هاوژینی لەگەڵ گەنجێکی فەلەستینیی خەڵکی شاری خان یونس کردبوو، کاتێک [گەنجەکە] لە ریزی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا شەڕی دەکرد. ژنەکە لەگەڵ گەنجەکە و دایکی گەنجەکە لەوێ دەژیان. بەڵام دوای کوژرانی گەنجەکە، خانمەکە بە خواستی خۆی لەگەڵ دایکی هاوژینەکەی بە فەرمی و لە رێگەی دەروازە فەرمییەکانەوە چوون بۆ تورکیا، دواتر خانمەکە بە تەواوی ئازادیی خۆی و بە شێوازێکی تەواو یاسایی چوونە کۆماری میسر، پاشان خانمەکە هاتە غەززە و لەگەڵ دایکی هاوژینە کۆچکردووەکەی لێرە گیرسانەوە". 
 
بەگوێرەی حکومەتی غەززە، "چەند ساڵێک" دوای گەیشتنی بە غەززە، فەوزییە "ژیانی هاوژینی لەگەڵ برای هاوژینە کۆچکردووەکەی کرد و چەند ساڵێک لەگەڵیدا ژیا، تاوەکو ئەو کاتەی بە دەستی داگیرکاری ئیسرائیلی لە تاوانی جینۆسایدی سەر کەرتی غەززەدا شەهید بوو."
 
لەبارەی شێوازی گەڕاندنەوەی فەوزییە، حکومەتی کەرتی غەززە دەڵێت، "دوای شەهیدبوونی هاوژینەکەی، ژنەکە هانای بۆ حکومەتی فەلەستینی هێنا و داوای کرد لە شوێنێک بیپارێزن. حکومەتیش بەدەم داواکاریی خانمە بەڕێزەکەوە چوو و لە یەکێک لە شوێنە حکومییەکانی باشووری کەرتی غەززەدا ژوورێکی تایبەتی بۆ دابینکرد و هەموو پێداویستییەکانی مانەوە و ژیانی شکۆمەندانەی لە خواردن، خۆراک، نوێن و جلوبەرگ بۆ دابینکرد."
 
راگەیێندراوەکە هەروەها باس لەوە دەکات، دوای ئەوەی فەوزییە پەیوەندیی بە کەسوکارەکەیەوە کرد لە شنگال، "ئەوانیش لە لای خۆیانەوە پەیوەندییان بە حکومەتی ئوردنەوە کرد. حکومەتی ئوردنیش هاوئاهەنگیی لەگەڵ داگیرکار (ئیسرائیل) کرد بۆ ئەوەی لە دەروازەی کەرەم ئەبو سالمەوە [لە غەززە] بڕواتە دەرەوە."
 
حکومەتی غەززە دەشڵێت، فەوزیە لەگەڵ "تیمێکی حکومی کە تایبەت بۆ یاوەریکردنی پێکهێندرابوو، هەروەها بە ئاگاداریی کەسوکاری هاوژینەکەی و حکومەتی فەلەستین" چووە دەروازەکەی نێوان غەززە، میسر و ئیسرائیل و دەشڵێت، "داگیرکار ئەوی رزگارنەکردووە بەو شێوەیەی کە لە راگەیێندراوە درۆینەکەیدا درۆی لەگەڵ رای گشتی کرد."
 
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی رزگابووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی راگەیاند، برایەکی هاوژینی پێشووی فەوزییە لە کەرتی غەززە ژیانی هاوژینی لەگەڵ ژنە کوردە ئێزدییەکە پێکهێنابوو؛ هەروەها باسی لەوەش کردبوو کە فەوزییە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئوردن گەڕێندراوەتەوە. 
 
بەڵام پێچەوانەی قسەکانی حکومەتی کەرتی غەززە، سەراب ئیلیاس ئاماژەی بەوە کرد، هاوژینی یەکەمی فەوزییە چەکدارێکی داعشی خەڵکی غەززە بووە، نەوەک ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا. 
 
فەوزییە مانگی ئابی پار لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە لە هەڤپەیڤینێکی رووداودا بە درێژی باسی لە چیرۆکەکەی کرد کە ئەو کات بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆی، بە ناوی خوازراوی "مەریەم" ناسێندرا.
 
دکتۆر خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئێزدییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکەم جار لە رێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەداوی ئەو کچە رفێنراوە ئێزدییەمان لە کەرتی غەززە دەستکەوت. کاتێک لە شاشەی رووداو دەرکەوت و باسی لەوە کرد کە ئێزدییە و لە غەززەیە".
 
سوپای ئیسرائیل و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێن، ژنەکە تەمەنی 21 ساڵە، بەڵام حکومەتی کەرتی غەززە دەڵێت، "خانمە بەڕێزەکە تەمەنی سەرووی 25 ساڵە و بەو جۆرە نییە کە داگیرکار بانگەشەی درۆینەی بۆ دەکات."
 
فەوزییە پێشتر بە رووداوی گوتبوو، لە کاتی رفاندنیدا لە ساڵی 2014 کە داعش هێرشیکردە سەر شنگال، تەمەنی تەنیا 8 ساڵ بوو و لە تەمەنی 10 ساڵیدا بە زۆر لە چەکدارێکی داعش مارە کرا کە دواتر دوو منداڵی لێ بوو. 
 
فیراس، براکەی فەوزییە رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی گوت، دڵخۆشن بە گەڕانەوەی خوشکەکەیان، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە خوشکەکەیان لە رووی "دەروونییەوە ماندووە."
 
فەوزییە دوو خوشک و پێنج برای هەیە و باوکی کۆچی دواییکردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کەرتی غەززە بکات، رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دوای زیاتر لە 4 مانگ هەوڵ و بەدواداچوون، بە هەوڵی هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، هاوئاهەنگی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و عومان و دەسەڵاتدارانی ئوردن، فەوزییە ئەمین سەیدۆ گەڕێندرایەوە."
 
خەیری بۆزانی، بەرپرسی دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی، هەمان رۆژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین. هەر کەسێک ببێتە هۆی رزگارکردن یان ئاسانکاری بکات بۆ رزگارکردنی ژن و کچانی ئێزدی، ئێمە دەستخۆشی لێدەکەین." 
 
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند. خەیری بۆزانی گوتی، "تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 581 کوردی ئێزدی رزگارکراون". 
 
هەر لەوبارەیەوە دەزگای هەواڵگریی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ژنانی رزگاربووی دەستی داعش، فەوزییە ئەمین سەیدۆیان "رزگارکرد".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان

وەزیری دەرەوەی ئێران: رژێمی زایۆنی هێرشی دیکە بکات، وەڵاممان دەبێت و تووندیش دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئیسرائیل هەر جۆرە چالاکییەک دژی ئێران بکات، ئەوا کاردانەوەمان (لە چالاکییەکەی ئەوان) تووندتر دەبێت."