وڵاتان داوا لە هاوڵاتیانیان دەکەن لوبنان جێبهێڵن؛ هێرشی سەربازی لە ئان و ساتدایە

04-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرەنسا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات "بە زووترین کات" لوبنان جێبێڵن، لە کاتێکدا مەترسی دەکرێت شەڕێکی فراوان لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا دروستبێت. 
 
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، "بە هۆی دۆخی شڵەژاوی ئەمنی، تاوەکو گەشتی بازرگانیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەو فەرەنسا بەردەستن، داوا لە هاووڵاتیانمان دەکەین، لە ئێستاوە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ ئەوەی دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن."
 
ئەم بانگەوازەی پاریس دوای ئەوە دێت کە واشنتن و لەندەنیش هەمان داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کرد کە لوبنان جێبهێڵن. 
 
سوێدیش باڵیۆزخانەی لە بەیرووت داخست و داوای لە هاووڵاتیانی کرد لوبنان جێبهێڵن.
 
 ئوردن، کەنەدا و چەندین وڵاتی دیکەی رۆژئاواییش هەمان داوایان ئاراستەی هاووڵاتییانیان کردووە و ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانیش گەشتەکانیان بۆ نێو و دەرەوەی لوبنان هەڵپەساردووە. 
 
شڵەژانی زیاتری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوە هات کە رۆژی 30-7-2024 ئیسرائیل فەرماندەیەکی دیاری حیزبوڵڵای بە ناوی فوئاد شوکر لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و رۆژێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا. ئێران، بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن.
 
"رەنگە رۆژی دووشەممە" ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل
 
سێ بەرپرسی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکییان گوتووە، "رەنگە رۆژی دووشەممە" ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام نازانن ئایا پێکەوە لەگەڵ حیزبوڵڵا دەیکات یان بە جیا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بزووتنەوەی حیزبوڵڵا رایگەیاند، دەیان مووشەکی کاتیوشای ئاراستەی ناوچەی بەیت هیلەلی باکووری ئیسرائیل کردووە.
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، بەرپەرچی نزیکەی 30 لەو مووشەکانەی داوەتەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حیزبوڵڵا، ئەو هێرشە لە تۆڵەی کوشتنی فوئاد شوکر، کەسی دووەمی بزووتنەوەکەدا نەبووە، بەڵکو لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کەفەرکەلا و دێرسیریان لە باشووری لوبنان، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەسی سڤیل بریندار بوون. 
 
ئەمریکا هێزی زیاتری بۆ پاراستنی ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران جووڵەپێکردووە بەرەو ناوچەکە. 
 
فەرماندەی سێنتکۆم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە
 
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، جەنەراڵ مایكڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، واتە باڵاترین جەنەراڵی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە رۆژی شەممەوە گەیشتووەتە ناوچەکە.
 
سەردانەکەی کوریلا لە پێش کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوکر پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام ئێستا کە دێت، چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی هەرێمی بدات بۆ ئەوەی بەرگری لە ئیسرائیل بکەن دژی هێرشی ئێران، وەک چۆن لە 13ی نیسان بە هاوکاریی فەرەنسا، بەریتانیا و هەندێ وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی رووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بوونەوە، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە. 
 
پێش مووشەکبارانەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە شوێنی حەوانەوەی لە ویلایەتی دێلاوێر، پرسیار لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرا کە ئایا ئێران دەستبەرداری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دەبێت یان نا. بایدن لە وەڵامدا گوتی: "هیوادارم ببێت. نازانم".
 
ئێران چۆن هێرشەکەی دەکات؟
 
میدیا ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات، بەرپرسانی ئەمریکی چاوەڕێ دەکەن هێرشەکەی ئێران، هاوشێوەی هێرشەکەی 13ی نیسان بێت بۆ سەر ئیسرائیل، واتە بە هەمان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو بێت، بەڵام رەنگە بازنەی ئامانجەکانی فراوانتر بکات و حیزبوڵڵاش لە لوبنانەوە لەگەڵی بەشدار بێت. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئیدارەی بایدن "نیگەرانی" ئەوەیە کە رەنگە ئەم جارە وڵاتانی ناوچەکە ئامادە نەبن بە ئاسانی بەرگری لە ئیسرائیل بکەن، چونکە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، "ئەوانی توڕە کردووە". 
 
بە گوێرەی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئاگادار رایانگەیاندووە، کوریلا سەردانی ژمارەیەک وڵاتی کەنداو، ئوردن و ئیسرائیلیش دەکات. 
 
ئوردن وێستگەیەکی گرنگی سەردانەکەی دەبێت. وڵاتەکە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی 13ی نیساندا رۆڵێکی بەرچاوی بینی، بە جۆرێک کە بواری بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا بچنە ئاسمانەکەی و رووبەڕووی مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان ببەنەوە. ئەمریکا "هیوا خوازە" ئەم جارەش ئوردن هەر وا بکات."
 
24 کاژێری رابردوو چی هەبوو؟
 
رۆژی شەممە، ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵڵا کەوتەوە پێکدادان، هێرشێکی خوێناوی کردە سەر کەرتی رۆژئاوا و قوتابخانەیەکی کەرتی غەززەشی بۆردوومانکرد کە بووە هۆی کورژانی لانیکەم 17 کەس.
 
ئێرانیش لە هەمان رۆژدا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن حیزبوڵڵا هێرش بکاتە نێو قووڵایی ئیسرائیل و چیدیکە بە ئامانجە سەربازییەکانەوە نەوەستێت. 
 
لە ژێر رۆشنایی ئەم کەشە تەنگژەدارەدا، پێنتاگۆن رایگەیاند هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر دەکات بۆ ئەوەی سەربازەکانی بپارێزێت و بەرگری لە ئیسرائیلیش بکات. 
 
رۆژی شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان داوای لە ئەمریکییەکان کرد، هەر بلیتێکیان دەستبکەوێت بیبڕن و وڵاتەکە بە زووترین کات جێبێڵن. 
 
پێنتاگۆن هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکات
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی کرد ژمارەیەکی زیاتری ئەو کەشتییە جەنگیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیربکرێن کە مووشەکی کرووز و بالیستیان لەسەرە و لەگەڵ ئەوانەش، کۆمەڵەیەکی دیکەی فڕۆکەی جەنگی جووڵەی پێ بکرێت. 
 
کوشتنی هەنییە لە تاران، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک رووداو کە لە نیسانی ئەم ساڵەوە بوونەتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و زیادبوونی مەترسیی بەرپابوونی جەنگێکی هەرێمی. 
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی هەینی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە "بەرگریی ئیسرائیل دژی ئێران و هێزە نزیکەکانی". 
 
حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و لەو رۆژەدا هەزار و 197 کەس کورژان. ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەموو سەرکردەکانی بزووتنەوە فەلەستینییەکە دەکوژێت. 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، ئەوانەی لەو رۆژەدا کوژران، زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. چەکدارە فەلەستینییەکان هەروەها 251 کەسیان بە بارمتە گرت کە 111 هێشتا لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو 111یە 39یان کوژراون و بە تەرم لەوێ ماون. 
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززەش بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 39 هەزار و 550 کەس، کە بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."