رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئوردن رۆژی شەممە، داوای لە هاووڵاتیانی کرد "بە زووترین کات" لوبنان جێبهێڵن، لەکاتێکدا مەترسیی دروستبوونی ململانێیەکی هەرێمیی فراوان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران و هاوپەیمانەکانیدا هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە راگەیێندراوێکدا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات ''لەم کاتەدا سەردانی کۆماری لوبنان نەکەن''، هەروەها داوا لەو هاووڵاتییە ئوردنیانەی لە لوبنانن دەکات، بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن."
وەزارەتەکە روونیدەکاتەوە ئەم رێنماییانە "لە روانگەی گرتنەبەری رێکاری پێشوەختەوە دێن، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر پەرەسەندێک لەم دۆخە هەرێمییەی ئێستا، هەروەها پابەندبوونمان بە سەلامەتیی هاووڵاتیان نیشاندەدات."
ئوردن داوا لە هاووڵاتیانی دەکات "لەو پەڕی وریایی و هۆشیاریدا بن و پابەند بن بەو رێنماییانەی لەلایەن دامودەزگاکانی لوبنانەوە دەردەکرێن و، دەستبەجێ ناوی خۆیان لە ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی ئوردن لە بەیرووت تۆمار بکەن."
شڵەژانی زیاتری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوە هات؛ رۆژی سێشەممە 30-7-2024 ئیسرائیل فەرماندەیەکی دیاری حیزبوڵڵای بە ناوی فوئاد شوکر لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و رۆژێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا.
ئێران، بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکەن و بەڵێنی سەندنەوەی تۆڵەی ئەو و شوکر دەدەن.
ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، فڕۆکە و کەشتیی جەنگیی زیاتر دەنێرێتە ناوچەکە. هەروەها وڵاتانی رۆژئاوا داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کرد، لوبنان جێبهێڵن و کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانیش، گەشتەکانیان بۆ نێو و دەرەوەی لوبنان هەڵوەشاندنەوە.
رۆژی شەممە، ئیسرائیل دووبارە لەگەڵ حیزبوڵڵا کەوتەوە پێکدادان، هێرشێکی خوێناوی کردە سەر کەرتی رۆژئاوا و قوتابخانەیەکی کەرتی غەززەی بۆردوومانکرد کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 10 کەس.
ئێرانیش لە هەمان رۆژدا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن حیزبوڵڵا هێرش بکاتە نێو قووڵایی ئیسرائیل و چیدیکە بە ئامانجە سەربازییەکانەوە نەوەستێت.
لە ژێر رۆشنایی ئەم کەشە تەنگژەدارەدا، پێنتاگۆن رایگەیاند هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر دەکات بۆ ئەوەی سەربازەکانی بپارێزێت و بەرگری لە ئیسرائیلیش بکات. رۆژی شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان داوای لە ئەمریکییەکان کرد، هەر بلیتێکیان دەستبکەوێت بیبڕن و وڵاتەکە بە زووترین کات جێبێڵن.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی کرد ژمارەیەکی زیاتری ئەو کەشتییە جەنگیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیربکرێن کە مووشەکی کرووز و بالیستیان لەسەرە و لەگەڵ ئەوانەش، کۆمەڵەیەکی دیکەی فڕۆکەی جەنگی جووڵەیان پێ بکرێت.
کوشتنی هەنییە، کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووبووە تاران، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک رووداو کە لە نیسانی ئەمساڵەوە بوونەتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و زیادبوونی مەترسیی بەرپابوونی جەنگێکی هەرێمی.
بەریتانیا داوای لە هاووڵاتییانی کرد دەستبەجێ لوبنان جێبێڵن. دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی "تەنگژەکان تووندن، دۆخەکەش بەخێرایی ئاڵۆزدەبێت."
سوێدیش گوتی، باڵیۆزخانەی خۆی لە لوبنان دادەخات و داوای لە خەڵکەکەی کرد "تاوەکو لەتوانایاندا ماوە، بگەڕێنەوە."
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی هەینی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە "بەرگریی ئیسرائیل دژی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ