رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بۆمبەکانی سوپای ئیسرائیل ئاسمانی ناوچەیەکی سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنانیان رووناککردووەتەوە لە شەوی رابردوو، وێنە: Jalaa MAREY / AFP
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، دەیان مووشەکی کاتیۆشای ئاراستەی ناوچەی بەیت هیلەلی باکووری ئیسرائیل کردووە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، بەرپەرچی نزیکەی 30 لەو مووشەکانەی داوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حیزبوڵڵا، ئەم هێرشەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 4-8-2024) لە تۆڵەی کوشتنی فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی بزووتنەوەکەدا نەبووە، بەڵکو لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بووە بۆ سەر کەفەرکەلا و دێرسیریان لە باشووری لوبنان، کە تێیدا ژمارەیەک کەسی سڤیل بریندارببوون.
مووشەکبارانەکە لەکاتێکدا دێت؛ ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری هێرشی ئێران و حیزبوڵڵایە بۆ سەر ئیسرائیل، کە دەیانەوێت تۆڵەی کوژرانی فوئاد شوکر و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی بکەنەوە.
ئەمریکا هێزی زیاتری بۆ پاراستنی ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران جووڵەپێکردووە بەرەو ناوچەکە.
هەروەها وڵاتانی رۆژئاوا داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن و چەندین کۆمپانیای بواری فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ نێو و دەرەوەی لوبنان راگرتووە.
پێش مووشەکبارانەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، لە شوێنی حەوانەوەی لە ویلایەتی دێلاوێر، پرسیار لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرا، 'ئایا ئێران دەستبەرداری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دەبێت یان نا؟' بایدن لە وەڵامدا گوتی: "هیوادارم. من نازانم."
رۆژی شەممە، لە مەغریب، ئوردن و تورکیا هەزاران کەس خۆپێشاندانیان کرد بۆ ئەوەی سەرکۆنەی کوشتنی هەنییە بکەن، کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە تارانی پایتەختی ئێران، شوێنی مانەوەی کرایە ئامانج. ئێران و هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل بە کوشتنی تۆمەتبار دەکەن.
گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران خزاونەتە نێو جەنگ و بە گوتەی خۆیان دژی هێرشەکانی ئیسرائیل، بەرگری لە کەرتی غەززەی فەلەستین دەکەن. جەنگەکە ماوەی نزیکەی 10 مانگە بەردەوامە.
رۆژی شەممە، ئیسرائیل دووبارە لەگەڵ حیزبوڵڵا کەوتەوە پێکدادان، هێرشێکی خوێناوی کردە سەر کەرتی رۆژئاوا و قوتابخانەیەکی کەرتی غەززەی بۆردوومانکرد کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 17 کەس.
ئێرانیش لە هەمان رۆژدا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن حیزبوڵڵا هێرش بکاتە نێو قووڵایی ئیسرائیل و چیدیکە بە ئامانجە سەربازییەکانەوە نەوەستێت.
لە ژێر رۆشنایی ئەم کەشە تەنگژەدارەدا، پێنتاگۆن رایگەیاند هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر دەکات بۆ ئەوەی سەربازەکانی بپارێزێت و بەرگری لە ئیسرائیلیش بکات. رۆژی شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان داوای لە ئەمریکییەکان کرد، هەر بلیتێکیان دەستبکەوێت، بیبڕن و وڵاتەکە بەزووترین کات جێبێڵن.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی کرد ژمارەیەکی زیاتری ئەو کەشتییە جەنگیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیربکرێن، کە مووشەکی کرووز و بالیستیان لەسەرە و لەگەڵ ئەوانەش، کۆمەڵەیەکی دیکەی فڕۆکەی جەنگی جووڵەیان پێ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ