رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک عێراقی لە پرسەیەک کە لە بەغدا بۆ ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس دانراوە، وێنە: Murtadha RIDHA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا داوای کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رێگری لە فراوانبوونی جەنگ دەکەن. لە کاتێکدا ناوچەکە لە بەردەم ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران و حیزبوڵڵایە لەدژی ئیسرائیل.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراودا ئاماژەبەوە دەکات، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و بەریتانییەکانی کردووە.
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، بلینکن و دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا "جەختیان لە گرنگیی کەمکردنەوەی گرژییە روولەزیادبوونەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێ کردەوە."
میللەر هەروەها دەڵێت، هەردوو وەزیرەکە "جەختیان لە گرنگیی تەواوکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بە زووترین کات، کردەوە."
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستێفان سێژورنێ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا "باسیان لە هەوڵە بەردەوامەکانی گەیشتن بە ئاگربەست کرد، لەپێناو مسۆگەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکان و زیادکردنی ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ غەززە."
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەرەنسا جەختیشیان لە "گرنگیی رێگریکردن لە زیاتر ئاڵۆزبوونی ململانێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڕەشەکانی ئێران کرد."
شڵەژانی زیاتری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە 30-7-2024 ئیسرائیل، فوئاد شوکری لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و رۆژێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا. ئێران، بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی سەندنەوەی تۆڵەی ئەو و شوکر دەکەن.
ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، فڕۆکە و کەشتیی جەنگیی زیاتر دەنێرێتە ناوچەکە. هەروەها وڵاتانی رۆژئاوا داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد، لوبنان چۆڵبکەن و کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانیش، گەشتەکانیان بۆ نێو و دەرەوەی لوبنان هەڵوەشاندنەوە.
گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران خزاونەتە نێو نێو جەنگ و بەگوتەی خۆیان دژی هێرشەکانی ئیسرائیل، بەرگری لە کەرتی غەززەی فەلەستین دەکەن. جەنگەکە ماوەی نزیکەی 10 مانگە بەردەوامە.
ئەمڕۆ ئیسرائیل دووبارە لەگەڵ حیزبوڵڵا کەوتەوە پێکدادان، هێرشێکی خوێناوی کردە سەر کەرتی رۆژئاوا و قوتابخانەیەکی کەرتی غەززەی بۆردوومانکرد، کە بووە هۆی کورژانی لانیکەم 10 کەس.
ئێرانیش هەر ئەمڕۆ رایگەیاند، پێشبینی دەکەن حیزبوڵڵا هێرش بکاتە نێو قووڵایی ئیسرائیل و چیدیکە بە ئامانجە سەربازییەکان نەوەستێت.
لە ژێر رۆشنایی ئەم کەشە تەنگژەدارەدا، پێنتاگۆن رایگەیاند هیزی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر دەکات بۆ ئەوەی سەربازەکانی بپارێزێت و بەرگری لە ئیسرائیلیش بکات. رۆژی شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان داوای لە ئەمریکییەکان کرد، هەر بلیتێکیان دەستبکەوێت بیبڕن و وڵاتەکە بە زووترین کات جێبێڵن.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی کرد ژمارەیەکی زیاتری ئەو کەشتییە جەنگیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیربکرێن، کە مووشەکی کرووز و بالیستیان لەسەرە و لەگەڵ ئەوانەش، کۆمەڵێکی دیکە فڕۆکەی جەنگی جووڵەی پێ بکرێت.
دیانا ئەبو ئەسیل، خوێندکارێکی بیست ساڵانی شاری بەیرووتە، دەڵێت "دەترسم شتێکی خراپ بەسەر خێزان و هاوڕێیانمدا بێت. ئەگەر جەنگ رووبدات، پێموانییە بتوانم لە لوبنان بمێنمەوە."
"ئاڵۆزبوونی خێرا"
کوشتنی هەنییە، کە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووبووە تاران، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک رووداو کە لە نیسانی ئەمساڵەوە بوونەتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و زیادبوونی مەترسیی بەرپابوونی جەنگێکی هەرێمی.
بەریتانیا داوای لە هاووڵاتییانی کرد دەستبەجێ لوبنان جێبێڵن. دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی "تەنگژەکان توندن، دۆخەکەش بەخێرایی ئاڵۆزدەبێت."
سوێدیش گوتی، باڵیۆزخانەی خۆی لە لوبنان دادەخات و داوای لە خەڵکەکەی کرد "تاوەکو لە توانایاندا ماوە، بگەڕێنەوە."
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی هەینی داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە "بەرگریی ئسیرائیل دژی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی."
دوای ئەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا هەزار و 197 کەس کوژران، ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە هەموو سەرکردەکانی بزووتنەوە فەلەستینییەکە بکوژێت.
بەگوتەی سوپای ئیسرائیل، ئەوانەی لەو رۆژەدا کوژران، زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. چەکدارە فەلەستینییەکان هەروەها 251 کەسیان بە بارمتە گرت، کە 111 هێشتا لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو 111ـیە، 39ـیان کوژراون و بە تەرم لەوێ ماون.
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززەش بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 39 هەزار و 550 کەس، کە بەگوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ