رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات "هەر بلیتێکیان دەستکەوت" بیبڕن و بەپەلە لوبنان جێبهێڵن.
ئەوە لەکاتێکدایە ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری هێرشی ئێران و حیزبوڵلادایە بۆ سەر ئیسرائیل، کە دەیانەوێت تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنانی بکەنەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 3-8-2024) لە راگەییندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، وێڕای ئەوەی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە و چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتەکانیان لە لوبنان راگرتووە، "بژاردەی گواستنەوەی بازرگانی بۆ جێهشتنی لوبنان هێشتا بەردەستن."
باڵیۆزخانەکە دەشڵێت "ئەوانەی دەیانەوێت لوبنان جێبهێڵن، هانیاندەدەین هەر بلیتێک بەردەستبێت، بیبڕن، تەنانەت ئەگەر گەشتەکە دەستبەجێش نەبێت یان بەو رێگەیەدا نەڕوات کە خۆیان پێیان خۆشە."
بەرپرسانی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئێران و حیزبوڵڵا هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
شڵەژانی زیاتری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوە هات؛ رۆژی سێشەممە (30-7-2024) ئیسرائیل فوئاد شوکری لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت، رۆژێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا.
ئێران، بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکەن و بەڵێنی سەندنەوەی تۆڵەی ئەو و شوکر دەدەن.
تاوەکو ئێستا چەندین وڵات داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردووە لوبنان چۆڵبکەن و ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانیش گەشتەکانیان بۆ نێو و دەرەوەی لوبنان وەستاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ