رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک وڵاتی جیهان پێشبینی گەورەبوونی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و بەرەی ئێران دەکەن و داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن ئێران و لوبنان جێبێڵن. ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانیش گەشتەکانیان بۆ ئەو دوو وڵاتە و ئیسرائیل رادەگرن.
شڵەژانی زیاتری دۆخەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە 30-7-2024 ئیسرائیل فەرماندەیەکی دیاری حیزبوڵڵای بە ناوی فوئاد شوکر لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و رۆژێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا. ئێران، بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنانی، ئیسرائیل بە کوشتنی هەنییە تۆمەتبار دەکەن و بەڵێنی سەندنەوەی تۆڵەی ئەو و شوکر دەدەن.
فەرەنسا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات ئێران جێبهێڵن
فەرەنسا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات "دەستبەجێ" ئێران جێبهێڵن و گەشت نەکەن بۆ ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوای کوژرانی هەنییە، "مەترسیی کەڵەکەبوو"ی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هەیە.
وەزارەتەکە هەروەها دەڵێت، "بە فەرمی، ئامۆژگاری هاووڵاتیانی فەرەنسی دەکەین، هۆکارەکە هەرچی بێت، گەشت نەکەن بۆ ئێران".
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، "بەهۆی زیادبوونی مەترسیی گرژیی سیاسی لە ناوچەکەدا داوا لە هاووڵاتیانی فەرەنسی لە ئێران دەکەین، بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێیبێڵن".
فەرەنسا هەروەها داوا لە هاووڵاتیانی دەکات "لەو پەڕی وریاییدا بن، خۆیان لە هەموو خۆپێشاندانێک بەدووربگرن، چاودێریی دۆخەکە بکەن و بەردەوام سەردانی ماڵپەڕی باڵیۆزخانە بکەن".
هەردوو کۆمپانیای فڕۆکەوانیی Air France و Transavia Franceaش رۆژی چوارشەممە رایانگەیاند، گەشتەکانیان تاوەکو رۆژی یەکشەممە بۆ بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەوەستێنن، ئەوەش بەهۆی "خراپیی دۆخی ئەمنی."
پۆڵاند داوا لە هاووڵاتیانی دەکات سەردانی ئیسرائیل و ئێران نەکەن
رۆژی هەینی، پۆڵاند داوای لە هاووڵاتیانی کرد گەشت بۆ ئیسرائیل، ئێران و لوبنان نەکەن و لەو سێ وڵاتە نەمێننەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، "پەیوەست بە گەشتیارانی پۆڵەندی بۆ لوبنان، ئیسرائیل و ئێران، دەمانەوێت جەخت بکەینەوە کە ئامۆژگاریمان ئەوەیە گەشت بۆ ئەو ناوچەیە نەکەن."
پێشتریش کۆمپانیای بواری فڕۆکەوانی پۆڵەندی، LOT بە هۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، هەشت گەشتی بۆ لوبنان و ئیسرائیل هەڵوەشاندبووەوە.
ئەمریکا دۆخی لوبنان بە مەترسیدار ناودەبات
رۆژی چوارشەممە 31-7-2024 ئەمریکا داوای لە هاووڵاتیانی کرد گەشت نەکەن بۆ لوبنان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رێنمایی خۆی بۆ گەشتکردن بۆ لوبنان گەیاندە ئاستی چوارەم کە بە هاووڵاتیانی دەڵێت، "گەشت نەکەن". وەزارەتەکە داواشی لە ئەمریکییەکان کرد، لوبنان جێبێڵن.
ماڵپەڕی تایبەت بە رێنمایی گەشتکردنی وەزارەتەکە بە هاووڵاتیانی راگەیاند، "گەشت نەکەن بۆ لوبنان، لەبەر زیادبوونی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل. ئەگەر تۆ لە لوبنانی، ئامادەبە بۆ ئەوەی بچیتە شوێنێکی پارێزراو، ئەگەر دۆخەکە زیاتر تێکچوو. باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو هاووڵاتییە ئەمریکانەی لە باشووری لوبنانن یان باشتر وایە وڵاتەکە جێبێڵن".
کۆمپانیاکانی دەلتا و یونیاتدی ئەمریکیش گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل وەستاند.
وڵاتانی ئەورووپا و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی ئەڵمانی دەکەین زوو لوبنان جێبێڵن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێشبینی دەکات لە تێکچوونی زیاتری دۆخەکەدا، گەشتە ئاسمانییەکان بوەەستن.
دوێنێ پێنجشەممەش کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانی رایگەیاند، گەشتەکانی بۆ نێو و دەرەوەی بەیرووت و تەلئەڤیڤ هەڵپەساردووە.
هاوکات ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئەوان داوا لە هاووڵاتیانی ئیتاڵی دەکەن "دەستبەجێ لوبنان جێبێڵن."
هەروەها کۆمپانیای ITA Airwaysی ئیتاڵی رۆژی هەینی بڕیاریدا هەموو گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل بوەستێنێت، ئەوەش وەک خۆی دەڵێت، "بەهۆی پێشهاتە جیۆسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە سەلامەتیی سەرنشینان و دەستەی فڕۆکەوانیمان."
ئەو کۆمپانیایە گەشتەکانی ئیسرائیل تاوەکو 6ی ئاب دەستپێناکاتەوە.
هاوکات دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی راگەیاند، لە کاتێکدا گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان نەوەستاون، پێویستە ئەو 16 هەزار هاووڵاتییە بەریتانییەی لە لوبنانن وڵاتەکە جێبهێڵن.
هەروەها کۆمپانیای British Airways ژمارەیەک گەشتی خۆی بۆ ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە.
سویسراش لە رۆژی چوارشەممەوە داوای لە هاووڵاتیانی کردووە سەردانی لوبنان نەکەن و ئەوانەشی لەوێن وڵاتەکە جێبێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دەڵێت، "وەزارەتی فیدراڵیی کاروباری دەرەوە بە باشی دەزانێت کە هاووڵاتیانی سویسری لوبنان جێبهێڵن، ئەگەر ئەم کارەیان لەتوانادا بێت و سەلامەت بێت. بڕیاری جێهشتنی وڵاتەکە خۆویستانەیە"؛ هەروەها هۆشداری دەدات کە "ئەو هاووڵاتییە سویسرییانەی وێڕای ئامۆژگارییەکانی وەزارەتی دەرەوە لە وڵاتەکە دەمێننەوە یان سەردانی دەکەن، پێویستە ئاگادار بن کە ئەگەر دۆخی ئەمنی خراپتربێت، ئەوا سویسرا تەنیا دەتوانێت خزمەتگوزاریی سنوورداریان پێشكێش بکات."
کۆمپانیای لوفتهانزای سویسریش گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل وەستاندووە.
کەنەدا و ئوسترالیا دەڵێن دۆخی لوبنان مەترسیدارە
میلانیا جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، "ئەگەر لە لوبنانی، وەرەوە. ئەگەر گرژییەکان زیادبن، رەنگە دۆخەکە رێگەمان پێ نەدات یارمەتیت بدەین و تۆش ناتوانیت ئەو وڵاتە جێبهێڵیت."
نزیکەی 21 هەزار و 400 هاووڵاتیی کەنەدی لە لوبنانن.
هاوکات پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، "ئێستا کاتی ئەوەیە [لوبنان] جێبهێڵن. دەکرێت دۆخی ئەمنی خێرا تێکبچێت، بێ هیچ یان هۆشداریی پێشوەختەی کەم."
وۆنگ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر دۆخەکە خراپتر بوو، رەنگە فڕۆکەخانەی بەیرووت دابخرێت و هاووڵاتیان نەتوانن وڵاتەکە جێبێڵن.
نزیکەی 15 هەزار ئوسترالی نیشتەجێی لوبنان و هەزارانی دیکەش لە مانگەکانی حوزەیران تا ئەیلوول بۆ گەشتکردن سەردانی دەکەن.
هۆشداری وڵاتانی دیکە لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
باڵیۆزخانەی هیندستان لە ماڵپەڕی رێنماییەکانی گەشتکردنیدا دەڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئەم دواییە و هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە، هاووڵاتیانی هیندستان ئامۆژگاری دەکرێن تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە، سەردانی لوبنان نەکەن. هەموو هیندستانییەکان ئامۆژگاری دەکرێن لوبنان جێبێڵن."
وەزارەتی دەرەوەی عومانیش داوای لە هاووڵاتیانی کرد "دەستبەجێ" لوبنان جێبێڵن و سەردانی وڵاتەکە نەکەن، هەروەها ناونیشانی پەیوەندیکردن بە باڵیۆزخانەکەی لە بەیرووت بەردەستکرد بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی لە کاتی فریاگوزارییدا لە رێگەیەوە داوای هاوکاری بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی لاتڤیاش گوتی، "بەهۆی گرژییە ئەمنییە بەردەوامەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زیادبوونی تەنگژەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، وەزارەتەکەمان هۆشداری دەدات دژی سەردانیکردن بۆ لوبنان لەم کاتەدا."
وەزارەتەکە هەروەها باس لەوە دەکات کە لاتڤیا هیچ نوێنەرایەتییەکەی دیپلۆماسی یان کۆنسووڵگەریی لە لوبنان نییە و کاروبارەکانی لە رێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپاوە راییدەکات.
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیاش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت،"ئەو هاووڵاتییانەی بە شێوەیەکی کاتی لە لوبنانن ئامۆژگاری دەکرێن دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن."
وەزارەتەکە هەروەها ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی دەکات، لە ئەگەری تێکچوونی دۆخەکە، پەنا ببنە بەر شوێنی سەلامەت؛ هاوکات بە باشی نازانێت هاووڵاتییەکانی سەردانی قودس/ ئۆرشەلیم و ناوچە فەلەستینییەکان بکەن.
کۆریای باشووریش رێنمایی خۆی بۆ گەشتکردن بۆ لوبنان گەیاندە ئاستی سێیەم و دەڵێت "گەشت نەکەن."
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیکیش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پێویستە هاووڵاتیانی چیک بە زووترین کات لوبنان جێبێڵن، چونکە مەترسییداخرانی فڕۆکەخانەی بەیرووت بە رووی گەشتە بازرگانییەکاندا هەیە."
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، 84 هاووڵاتیی چیکی لە لوبنانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ