سوپای ئەمریکا دەڵێت درۆن و مووشەکی حووسیەکانی لە دەریای سوور تێکشکاندووە

02-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی شەممە، لە دوو کاتی جیادا، درۆنێک و دوو مووشەکی حووسییەکانی یەمەنیان لە باشووری دەریای سوور تێکشکاندووە.  
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێرشەکان هیچ زیانی گیانی و ماددی نەبووە.  
 
حوسییەکان کە زۆربەی یەمەنیان لەژێر دەستدایە، لە تشرینی دووەمی پارەوە، دەیان هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتەوە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. 
 
ئەو هێزە چەکدارە یەمەنییە، بە گوتەی خۆی، لە رێگەی ئەو هێرشانەوە، پشتیوانی لە فەلەستین دەکات دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.  
 
سێنتکۆم لە بڵاوکراوەکەیدا باس لەوە دەکات، درۆنەکە بە رۆژ خرابووەوە خوارەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو درۆنی دیکەش خۆڕسکانە تێکشکاون و کەوتوونەتە نێو دەریاوە. 
 
دواتر، ئێوارەی هەمان رۆژ، هێزەکانی سێنتکۆم "سەرکەوتووانە" بەرپەرچی دوو مووشەکی بالیستیی دژە کەشتییان بەسەر دەریای سووردا داوەتەوە، ئەمە وەک پۆستەکە باسی دەکات.  
 
سێنتکۆم دەڵێت، مووشەکەکان "بە ئاراستەی کەشتیی USS Gravely هاوێژرابوون و لە هەنگاوێکدا بۆ بەرگریکردن لە خۆمان خرانە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانی گیانی و ماددی هەبێت."
 
کەشتییە ئەمریکییەکە لە جۆری تێکشکێنەرە. 
 
یەحیا سەريع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان رۆژی شەممە، رایگەیاندبوو، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیی ئایزنهاوەر لە دەریای سوور و چوار ئۆپەراسیۆنی دیکەشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دیکە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە