رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات لیژنەیەک سەردانی شنگال بکات و لە راستیی رووداوەکەی مزگەوتی رەحمان لە شارەکە بکۆڵێتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەشێک لە کوردانی ئێزدی لە بەردەم مزگەوتی رەحمان لە شنگال دژی گەڕانەوەی عەرەبی شارەکە خۆپێشاندانیان کرد؛ بەشێکی موسڵمانانی شارەکە دەڵێن، هێرشکراوەتە سەر مزگەوتەکە و سووتێندراوە، بەڵام گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوە رەتدەکاتەوە.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەوەی کە لە شنگال روویدا، مەبەستێکی سیاسی لە پشت بوو "بۆ ئەوەی ئارامیی نێوان ئێزدی و موسڵمانان تێکبدەن."
رۆژی 27ی ئەم مانگە، لە شنگال خۆپێشاندانێک لە دژی گەڕانەوەی عەرەبی شنگال کە کوردانی ئێزدیی دەڵێن، "هاوکاری داعشن" ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بەشێکی لایەنە ئیسلامییەکان دەڵێن، لەو چوارچێوەیەدا هێرشکراوەتەسەر مزگەوتێک، بەڵام کوردانی ئێزدیی ئەوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، هێرش نەکراوەتە سەر هیچ شوێنێکی ئایینی.
ڤیان دەخیل گوتی: ''هەزاران ساڵە لە شنگال ئێزدی، موسڵمانی شیعە و سوننە، ئەرمەن و فەلە پێکەوە دەژین، بەڵام لەم دوو سێ رۆژەدا کە گرژییەک دروستبوو، بێگومان مەبەستی سیاسی لە پشتە، بەتایبەتی ئێستا کە هەندێک هەنگاوی گرنگ لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هەیە و دیارە ئەم بابەتە بۆ هەندێک لایەن باش نییە.''
پەرلەمانتارەکە باسی لەوەش کرد، داوایان لە پەرلەمان کردووە لیژنەیەک بۆ روونکردنەوەی راستییەکان پێکبێنێت، هەروەها لیژنەی ئاسایش و بەرگری و ئەوقافیش لە نزیکەوە شوێنەکە لە شنگال ببینن بۆ ئەوەی راستییەکان دەرکەون و لەگەڵ حکومەتی عێراق بەدواداچوون بکەن، کە چ لایەنێک ئەو ئاژاوەیەی ناوەتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، 40 خێزانى ئاوارەى عەرەب گەڕاونەتەوە شنگال، یەکێک لە ئەندامانى ئەو خێزانانە لەلایەن کوردانى ئێزدییەوە ناسراونەتەوە و دەڵێن، ئەوکاتەى داعش شارەکەى کۆنترۆڵ کردووە، هەڕەشەی لە ئێزدییەکان کردووە؛ ئەو کەسە ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "دوای رزگارکردنی شنگال، زۆر لە موسڵمانان گەڕاونەتەوە شنگال و هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەبووە، بەڵام ئەو خەڵکەی تاوانبارە بەوەی هاوکاری داعش بوون، نە ئێمە قبووڵی دەکەین بگەڕێنەوە و نە مرۆڤایەتی و نە حکومەتیش."
بەگوتەی ڤیان دەخیل، "حکومەت لە شنگال دەسەڵاتی بەدەست نییە و گرووپی نایاسایی و خەڵکی بێگانە لەوێ هەن." پەرلەمانتارەکە پێیوایە، ئەگەر حکومەت و قایمقامێکی یاسایی و هێزە ئەمنییەکان لە شنگال هەبن، گرفتەکان چارەسەر دەبن.
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا.
رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستانە - پەکەکە لە شاری شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
پەرلەمانتارەکەی عێراق دەڵێت، ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوە هیچ دەرفەتێک بۆ گرووپ و لایەنەکان نامێنێت کە دەستوەردان لە کاروباری شنگال نەکەن و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە تووشی گرفت نابن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ