رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو هەڵمەت و ئامادەکارییەی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە سەرژمێری لە کەرکووک کرا بۆ خانەقین و پارێزگای دیالە نەکران و لە پرۆسەکەدا لەو ناوچانە چەندین گرفت بۆ تۆمارکردنی کورد دروستکران.
سۆزان مەنسوور، نوێنەری خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: لە خانەقین و گوندەکانی دەوروبەری کێشە بۆ سەرژمێری دروستکرا، بۆ نموونە لە 9 گوندی ناوچەی پاڵانییەکان هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە هاونیشتمانییانی کورد کرد بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان بە بیانووی ئەوەی پێشتر گوندەکەیان چۆڵکردووە و رێگەیان نەدان لە گوندەکانی خۆیان لە سەرژمێری تۆماربکرێن.
گوتیشی: لە کوڵەجۆ و گوڵاڵە بە چەندین شێوە کێشە بۆ تۆمارکردنی هاونیشتمانییانی کورد دروستکرا، بەشێکی کێشەکانیش لەوەوە سەرچاوەی گرت کە لەکۆی 350 بژمێری پرۆسەی سەرژمێری تەنیا یەک بژمێریان کورد بوو و 349 بژمێریان عەرەب بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەکو ئاماژەدان بەو گرفتانەی بۆ پرۆسەی سەرژمێری لە خانەقین و ناوچەکانی دەوروبەری دروستکران گوتی: لە هەندێک ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ "جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن" دەبینین.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ سۆزان مەنسوور لە لە خانەقینەوە راستەوخۆ میوانی بەرنامەکە بوو باسی لە چەند نموونەیەکی دیکەی دروستکردنی گرفت بۆ سەرژمێری کرد و گوتی: بەشێک لە گوندنشینانی خانەقین لە گوندەکانی خۆیان تۆمارنەکران بۆ سەرژمێری و ناچارکران لە گوندەکانی دیکە خۆیان تۆماربکەن و باسی لەوەشکرد کە لە رۆژی یەکەمی قۆناخی دووەمی پرۆسەی سەرژمێری هێندە ئاستەنگ بۆ پرۆسەکە دروستکران لە کۆی 800 خێزانی کورد لە کوڵەجۆ تەنیا 100 خێزانیان لە سەرژمێری تۆمارکران.
"جگە لەو گرفتانە، هەوڵێکیش هەبوو بۆ گۆڕینی بژمێرەکان لە بژمێرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بژمێرەکانی حکومەتی عێراق، بۆ نموونە هەوڵ دەدرا قەرەتەپە و جەبارە لەلایەن بژمێرەکانی عێراقەوە سەرژمێری بکرێن لەکاتێکدا بەپێی نەخشەکانی سەرژمێری بڕیاربوو لەلایەن بژمێرەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرژمێری بکرێن، بەڵام زوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا گرفتەکەمان چارەسەر کرد و رێگەمان بەو گۆڕانکارییە نایاساییە نەدا" ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی نوێنەرەکەی خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
هاوکات، هەر پێنجشەممە 21/11/2024 میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ