رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی پێنج کاژێر لە دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق لە بازگەی مەخموور، تیمی تۆڕی میدییایی رووداو ئازادکران.
لە کاتی بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی دا، بەختیار قادر، پەیامنێر و ئیبراهیم عەدنان، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی رووماڵ دا و لە بازگەی مەخموور، لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکران.
بەپێی زانیارییەکان، دوای وەرگرتنی کامێرا و مایک، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق بە تیمەکەی رووداویان گوتووە، رەوانەی شاری موسڵیان دەکەن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە بازگەی مەخموور ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاونیشتمانییان دروستبووە. پەیامنێری رووداو لە نزیک بازگەکە رووماڵی گیرخواردنی هاونیشتمانییانی دەکرد.
پەیامنێری رووداو لە نزیک بازگەکە لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی قسەی کردووە کە بە ئامانجی جیاواز دەیانەوێ بچنە مەخموور، بەڵام بازگەی سوپای عێراق لەنێوان هەولێر و مەخموور رێگەیان بە چوون و هاتنیان نەدەدا.
هاونیشتمانییەک گوتی، دوینێ پێیان گوتوون کە ئەمڕۆ رێگە ئاسایی دەکرێتەوە، ئەمڕۆ دەیانەوێ بچنە سەر زەوییەکانیان بەڵام رێگە بە چوونیان نادرێت.
هاونیشتمانییەکی دیکە کە باوکی بۆ نەخۆشخانە هێناوە دەڵێت، "بەڵگەی نەخۆشخانەم پێشانداون بەڵام لە بازگەکە رەزامەندی پێشاننادات. هاونیشتمانییان داوا لە قایمقامی شارەکە دەکەن بە هانایانەوە بچێت و هاوکارییان بکات".
دوای بەدواداچوونی رووداو بازگەکە بەشێوەی کاتی بەڕووی هاتووچۆدا کرایەوە و رێگەدرا بەشێک لە هاونیشتمانییان هاتووچۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ