رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، لێکنزیکبوونەوەی باش لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت. گوتیشی، ''لە مانگی نیساندا شتی باش روودەدات، لە کاتێکی نزیکدا کابینەی دەیەمی حکومەت پێکدەهێندرێت.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 30-03-2025، سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک دوای نوێژی جەژن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ''بێگومان ئەمە کولتوورێکی کۆنی ئێمەیە، پێکەوەژیان و لێبوردن خاڵێکی بەهێزی کوردستانە و خۆی رێبازێکە و هەموومان لە سەری دەڕۆین.''
سەربەست لەزگین وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە و گوتی، لەنێوان یەکێتی و پارتی ''لێکنزیکبوونەوەی زۆر'' هەیە و ''رێککەوتنی باش'' کراوە.
زیاتر لە پێنج مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە. بەرپرسی مەکتەبی رێکخستی پارتی ئاماژەی بەوە دا، ''ئینشاڵڵا لە مانگی نیساندا شتی باش روودەدات، لە کاتێکی نزیکدا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێندرێت.''
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و بەدوایدا نەوەی نوێ 15 کورسییان بەدەستهێنا.
تاوەکو ئێستا جیا لە کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکی و شاندی دانوستاندنی هەردوولا بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوو جار مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەتەوە.
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە دوایین کۆبوونەوەیان کە 16ـی ئادار بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکەیان بە ''ئەرێنی و زۆر باش'' ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ