رووداو دیجیتاڵ
گەشتیارانی عێراق بۆ پشووی جەژن روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و سەدان ئۆتۆمبێل لە بازگەکان ریزیان بەستووە. گەشتیاران دەڵێن، ئەم ساڵ لە بازگەکان کارئاسانی زیاتریان بۆ کراوە.
ئەحمەد حەیدەر، قوتابی زانکۆیە و لە تکریتەوە هاتووە و دەڵێت، زۆربەی پشووەکان لە کوردستانە و ئەمجارە دوای چوار کاژێر توانیویەتی لە بازگەکە دەربازی بێت.
ئەحمەد، لەبارەی یارمەتی بازگەکان باس لەوە دەکات، یارمەتییەکانیان زۆر باشن و رێز لە خەڵک دەگرن، ئەوانەی ئێرە زۆر بەباشی کارەکانیان بەڕێدەکەن، بەڵام ئێمەی گەشتیار هیچ رێکخستێنمان نیە، هەموومان بەهەڕەمەکی مل لێدەنێین بۆیە ئاوا قەرەباڵخی دروست دەبێت."
حەیدەر جاسم، یەکێکی دیکەیە لە گەشتیارەکان و لە دیالە هاتووە و دەڵێت، "ئێمە هەر بەهەڕەمەکی لێ راهاتووین، ئەی هاوار دەفێربن تۆزێک رێک و پێکبن، کەس نۆرە ناگرێت هەریەکە و لەلایەکەوە مل لێدەنێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی بازگەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە کارئاسانی بۆ گەشتیاران بکەن و چاوەڕوانی هاتنی گەشتیارێکی زۆر دەکرێت بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەر گەشتیارێک بە کەمتر لە دوو خولەک دەتوانێت دڵنیایی ئاسایش وەربگرێت کەپێی دەگوترێت کارتی نشینگە و بۆ ماوەی سێ مانگ دەتوانێت هاتووچۆی پێبکات.
گرووپێکی گەشتیاری بۆ ئەم جەژنە زیاتر لە 600 گەشتیاری لەڕێگەی 15 پاسەوە هێناوەتە هەرێمی کوردستان.
ئیبراهیم وەزاح، سەرپەرشتیاری گرووپە گەشتیارییەکەیە و دەڵێت، "ئەم ساڵ کارئاسانی بازگەکان باشتربووە لە ساڵانی رابردوو، بەڵام وەک دەزانن قەرەباڵخی زۆر، هەندێک ئاستەنگی دروستدەکات ئەمەش ئاساییە."
بەگوێرەی ئاماری بازگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک تەنیا لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا نزیکەی 200 هەزار گەشتیاری عێراقی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ