رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتە کولتوورییەکانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار لە پشووی نەورۆزدا سەردانی پارێزگاکەیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە , دووی نیسانی 2025، داریوش فەرمانی، بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتە کولتوورییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "بەگوێرەی دوایین ئامار، لە 17 تاوەکو 31ی ئاداری 2025، یەک ملیۆن و 712 هەزار و 79 گەشتیار هاتوونەتە پارێزگای کرماشان، کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، ژمارەکە بە رێژەی 21.8٪ زیادیکردووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتە کولتوورییەکانی کرماشان، زۆرترین گەشتیار سەردانی پێنج شوێنەوار و شوێنی ئایینیی پارێزگاکەیان کردووە کە بریتین لە بێستوون، تاق وەسان، پەرەستگەی ئاناهیتا، تەکیەی بێگلەربێگی و تەکیەی معاونوڵموڵک.
داریوش فەرمانی گوتی، لەو ماوەیەدا 198 هەزار و 849 گەشتیار سەردانی ئەو پێنج شوێنەی کرماشانیان کردووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، زیاتر لە 37٪ زیادیکردووە.
بەپێی ئامارێک کە وەزارەتی گەشتیاری و میراتە کولتوورییەکانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کرماشان لە ریزبەندی ئەو 6 پارێزگایەدایە کە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ