رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاسایشی راپەڕین، ئاگاداری هاونیشتمانیانی پشدەر و بیتوێن دەکاتەوە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک و دەڵێت: ئێران ئاوی بەنداوی سەردەشت (کۆڵەسە)ی بە رێژەیەکی زۆر بەرداوەتەوە.
عەمید ئارام مەلا، گوتەبێژی ئاسایشی راپەڕین رۆژی چوارشەممە29-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگادار کراینەوە کە ئێران ئاوی دەریاچەی کۆڵەسەی لە باشووری سەردەشتی کردووەتەوە، ئێمەش بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان بەبێ خەمی هاتووچۆ نەکەن و ئاگاداربن، ئاگادارینامەیەکمان بڵاوکردەوە".
لە ئاگادارییەکەی ئاسایشی راپەڕیندا هاتووە: "ئێوارەی ئەمڕۆ ئێران ئاوی زێی بچووکی کردووەتەوە لەسەدی کۆڵەسەی شاری سەردەشت، بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەینەوە لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ سەر زێی بچووک لە سنووری پشدەر یان ئەو گوندنشینانەی دەکەونە سەر سەرزێى بچووک ئاگاداری خۆیان بن لە رووداوی نەخوازراو".
ئاوی دەریاچەی کۆڵەسە لە گوندی قندۆڵ لە سنووری قەزای پشدەرەوە دێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و دەڕژێتە نێو زێی بچووک.
سەبارەت بەوەی کە بڕی ئەو ئاوەی لەلایەن ئێرانەوە بەردراوەتەوە چەندە و گەیشتووەتە خاکی هەرێمی کوردستان؟، عەمید ئارام مەلا گوتی: "هێشتا ئاگادار نەکراوینەتەوە کە ئەو ئاوە گەیشتبێتە خاکی هەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی ئاسایشی راپەڕین دەڵێت: "تیمەکانی ئاسایش، پۆلیس و پاسەوانی سنوور لە ناحیەی ئیسێوە هەن، لە ئەگەری هەبوونی هەر رووداوێکی نەخوازراو ئەو تیمانە دەگەنە شوێنی رووداو"، داواشی لە هاونیشتمانیان کرد لەکاتی چوونیان بۆ سەر زێی بچووک و گوندەکانی پشدەر، ئاگاداری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێیەکە بن بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ