کۆمیسیۆن سێ ئامێری نوێی ئەلیکترۆنی لە دەنگدان بەکاردەهێنێت؛ ئامێرەکان ئیشیان چییە؟

29-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان سێ ئامێر، کە پرۆسەی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان خێراتر و دروستتر دەکات، بەکاردەهێنێت. 
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، کە بڕیارە لە 20ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ ئامێری ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنێت، بۆ خێراکردنی پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان و دواتریش بۆ رەوانەکردنی ئەنجامی بنکە و وێستگەکان لەڕێگەی ئامێری ئەلیکترۆنییەوە بۆ بەغدا.
 
سێ ئامێرە بریتین لە ئامێرەکانی سکانەری (PCOS). هەروەها ئامێری ژماردن و ریزکردنی ئەلیکترۆنی ناوەندی دەنگدان (CCOS). لەگەڵ ئامێری (RTS). 
 
ئامێری PCOS: 
 
ئامێری ئەلیکترۆنی ژماردن و ریزکردن ناسراو بە سکانەری (PCOS) تایبەتە بە ژماردنی دەنگی نێو سندووقەکان، بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و بە راست و دروستی. 
 
جۆری بەکارهێنانی بەشێوەیەکە، کە دەنگدەر لەکاتی دەنگداندا، کاخەزی دەنگدانەکەی دەخاتە نێو سندووقەکە و لەسەر سندووقەکە ئامێری سکانەرەکە دانراوە و کاخەزی دەنگدان بەنێو سکانەرەکەدا تێدەپەڕێت و تەواوی زانیارییەکان و دەنگەکان لەسەر ئامێرەکە بەشێوەیەکی دروست تۆمار دەکرێت.
 
هەر لەڕێگەی هەمان ئامێرەوە، لە کۆتایی پرۆسەی دەنگدان، تەواوی ژمارەی ئەو دەنگانەی لەنێو سندووقەکەدان، لەلایەن ئەو ئامێرەوە پێشان دەدرێت و ئەمەش خێراترین رێگەی پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکانە بەڕێگەی ئەلیکترۆنی.
 
بۆ بەکارهێنانی ئەو ئامێرە، هەموو کارمەندێکی کۆمیسیۆن کە بەکاریدەهێنێت، پێویستیان بە کۆدی نهێنی هەیە تاوەکو بتوانن بچنە نێو سیستمەکەوە و کاری پێبکەن. 
 
ئامێری CCOS: 
 
پاشان لەسەر پشتی ئامێرەکە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، پرۆسەی ژماردن و ریزکردنی ئەلیکترۆنی تەواو دەبێت و راپۆرتێک دەردەچێت.
 
قۆناخی داهاتوو بریتی دەبێت لە راپۆرتی کۆتایی ئەو سندوق و وێستگەیە و هەروەها کۆکردنەوەی و هەژمارکردنی سەرجەم دەنگەکانی وێستگەکە، بە رێگەی ئەلیکترۆنی رەوانەی ئامێرێک دەکرێت ناسراوە بە ئامێری ژماردن و ریزکردنی ئەلیکترۆنی ناوەندی دەنگدان (CCOS).  
پاشان لەرێگەی ئەو ئامێرەوە پێداچوونەوە و پشتڕاستکردنەوەی سەرجەم دەنگ و داتاکان دەکرێت، پێش رەوانەکردنی داتا و زانیارییەکان بۆ بنکەی سەرەکی کۆمیسیۆن.  
 
سیستمی تۆمارکردنی ئەنجامەکان (RTS): 
 
پاش ئەو قۆناخە، لەگەڵ ژمارن و تۆمارکردنی سەرجەم دەنگەکان، دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی کۆکردنەوەی زانیاری لە ئۆفیسی نیشتمانی لە بەغدا، لەرێگەی ئامێرێک، کە بە سیستمی تۆمارکردن و راپۆرتکردنی ئەنجامەکان (RTS) ناسراوە.
 
ئەو ئامێرە بە پێشکەوتووترین و سەلامەتترین رێگەی ئەلیکترۆنیی بۆ گواستنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دادەنرێت. ئامێرەکە بە پەنجەمۆر کار دەکات و هەموو بنکە و وێستگەکان بۆ ناوەندی سەرەکی کۆمیسیۆنەوە دەبەستێتەوە و دواتر هەر لەرێگەی ئەو بەستنەوە ئەلیکترۆنییەوە، سەرجەم ژمارە و داتاکانی بنکە و وێستگەکان کۆدەکرێنەوە و رەوانە دەکرێن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆڵانێکی ناحیەی مسێریک لە سنووری دهۆک

بەڕێوەبەری ناحیەی مسێریک: کەمتر لە دوو مانگی دیکە کۆڵانەکان قیرتاو دەکرێن

زیاتر لە ساڵێکە پڕۆژەی قیرتاوکردنی 18 کۆڵانی ناحیەی مسێریک لە پارێزگای دهۆک تەواو نەکراوە. دانیشتووانەکەی گلەیی لە "جێهێشتن"ی پڕۆژەکە لەلایەن بەڵێندەرەوە دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی مسێریک دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکردووەتەوە و کەمتر لە دوو مانگی دیکە تەواو دەکرێت.