رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی تەیراوای شاری هەولێر، ئەمڕۆ سێ کرێكار کەوتنە نێو ئاوەڕۆکە، قایمقامی هەولێر دەڵێت، یەکێک لە کرێکارەکان گیانی لەدەستداوە و دووانیان بریندارن.
برزۆ عەبدولواحید، بەرپرسی هۆبەی رزگارکردن لە بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ (سێشەممە، 29-08-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی تەیراوا لە هەولێر، سێ کرێکار کەوتوونەتە نێو چاڵێک و تواندراوە دوو کەسیان رزگار بکرێن و رەوانەی نەخۆشخانەی کراون."
شاهێدحاڵێک کە لەنزیک شوێنی رووداوەکە دووکانی هەیە، لەڕێگەی رووداو باسی چۆنییەتی رووداوەکە دەکات:
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت "بەهۆی ئەو رووداوەوە، دوو کرێکار بریندار بوون و کرێکارێکیش گیانی لەدەستداوە."
کرێکاری سێیەم، کە گیانی لەدەستداوە بەگوتەی برزۆ عەبدولواحید ، ماوەی 35 بۆ 45 خولەک لە ژێر خۆڵ ماوەتەوە. "کە ئێمە گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، دوو کەس رزگارکرابوون، ئێمەش کرێکارەکەی دیکەمان دەرهێنا و رەوانەی نەخۆشخانە کران."
بەرپرسی هۆبەی رزگارکردن لە بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "لەکاتی کارکردنی ئەو سێ کرێکارە، حەفارە کاری کردووە و هەر ئەو کاتە خۆڵ کەوتووەتە سەریان."
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە لە هەولێر، یەکێک لە کرێکارەکان خەڵكی ئاکرێیە و یەکێکی دیکە خەڵکی چەمەیە، کەسی سێیەمیش دیار نییە خەڵکی کوێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ