شارەوانیی دووی هەولێر: 162 کیلۆمەتر شەقام چینی قیری ستابلایزەر و بایندەر کراون

09-11-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن هەولێر پارێزگای هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری شارەوانیی دووی هەولێر رایدەگەینێت، ئەم ساڵ بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی دوو ئەنجامداوە. دەشڵێت، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 162 کیلۆمەتر دووجا شەقام چینی قیری ستابلایزەر و بایندەر کراون.
 
ئەندازیار ئارام رەسوڵ محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی دوو/ هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەم ساڵ بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار پرۆژەمان لە سنووری شارەوانیی دوو ئەنجامداوە.
 
گوتیشی، زۆرترین پارە کە خەرجمان کردووە ئەم ساڵ لەسنووری گوندی گرد جووتیار بووە، بەهۆی ئەوەی لە دووساڵی رابردوودا لافاو زیانی زۆری پێگەیاند و هەموو رێڕەوەکانی ئاو و ئەو شوێنانەی ئەگەری لافاویان هەبووە چاککراون.
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی دووی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا لەناو گوندی گرد جووتیار نزیکەی 60٪ـی گوندەکە قیرتاو و کۆنکرێت کراون کە نزیکەی دوو هەزار ماڵ دەبێت و رێگەپێدانیش دەستی پێکردووە بۆ دروستکردنی خانوو، هەروەها تۆڕی ئاو و کارەبایان بۆ گەیێندراوە. بێجگە لە گوندی گرد جووتیار گەڕەکی سەڵاحەدین هەموو کۆڵانەکانی قیرەکەی نۆژەنکراوەتەوە و قیرتاوکراوە.
 
بە گوتەی ئارام رەسوڵ، "بۆ ساڵی داهاتوو بەهەمان شێوەی ئەم ساڵ لەو گەڕەکانە پرۆژەکانمان جێبەجێدەکەین کە گەڕەکی میللین، گەڕەکەکانی ئاری و کانی، ئەم ساڵ وەکو شارەوانیی دوو، لە شەقامی 60 مەترییەوە دەستمان پێکرد قۆناخ بە قۆناخ کاری نۆژەنکردنەوەی قیرتاوی گەڕەکەکان دەکەین بەگوێرەی پێویستییان."
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی لەماوەی دوو ساڵدا ئەنجامیانداوە لە گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی دووی هەولێر، ئارام رەسوڵ ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 162 کیلۆمەتر کاری قیرتاو(ستابلایزەر[چینی یەکەمی قیرتاو]، بایندەر[چینی دووەمی قیرتاو])کراوە لەگەڵ نزیکەی پێنج هەزار مەتر سێجا کۆنکرێت.
 
پرۆژەکانی 2023:
 
- کۆنکرێتکردن: چوار هەزار و 45 مەتر سێجا.
- ستابلایزەر: 34 هەزار و 178 مەتر دووجا.
- بایندەر: 45 هەزار و 60 مەتر دووجا.
 
پرۆژەکانی 2022:
 
- کۆنکرێتکردن: 998 مەتر دووجا.
- ستابلایزەر: 21 هەزار و 160 مەتر دووجا.
- بایندەر: 61 هەزار و 842 مەتر دووجا.
 
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن، "ئێمە لەساڵانی 2013 بەدواوە زەوی و خانوومان کڕیوە بە گرێبەستی نووسینگە، نزیکەی 70 خانوو و 30 پارچە زەوییە لەسەر رووبەی چوار دۆنم زەوی لە گوندی گرد جووتیار، ئێستا لەلایەن کەسێکەوە نیشانەی گلدانەوە[حیجز]ـی خراوەتە سەر، لەکاتێکدا ئەوان ئەو زەوییانەیان بە گرێبەست کڕیوە."
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی دووی هەولێر دەڵێت، " لەسەر ئەو بابەتە کەسێک لە دادگە سکاڵای تۆمارکردووە و نیشانەی گلدانەوە[حیجز]ـی خستووەتە سەر ئەو چوار دۆنم زەوییە، بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنە گوندە و تاپۆی نییە خاوەندارێتی زەوییەکان دیار نییە، کەسەکە لە دادگە حیجزی خستووەتە سەری زەوییەکە. بە خەڵکەکەمان گوتووە، شارەوانی و قایمقامیەت و پارێزگا دەسەڵاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەیان نییە، چونکە کێشەکە یاساییە و لە دادگەیە، دەبێت ئەو کەسانە لە دادگە ئەو کێشە چارەسەر بکەن."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منداڵێک تووشی سکچوون و رشانەوە بووە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت. وێنە: رووداو

هەزاران کەس لە شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە بوون؛ 11 تیمی تایبەت بەدواداچوون دەکەن

هەزاران کەس لە سنووری شارەزوور تووشی سکچوون و رشانەوە بوون. ئەیمەنی تەمەن 8 ساڵان یەکێکە لەو تووشبووانە و بەهۆی قورسیی توشبوونەکەی، رەوانەی سلێمانی کرا و لەوێ شەو و رۆژێک خەوێندرا، بەڵام دواتر جارێکی دیکە دۆخی تێکچووەتەوە و براوەتەوە نەخۆشخانە