لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 22 هەزار گەشتیار لە باشماخەوە چوونەتە سنە

29-03-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتی کولتووری پارێزگای سنە دەڵێت، چوونی گەشتیاران بۆ پارێزگاکە لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە زیادیکردووە.
 
مەنسوور مێهرزاد، بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتی کولتووری پارێزگای سنە رایگەیاند: "لە 15ـی ئاداری ئەم ساڵەوە ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە هاتوونەتە پارێزگای سنە. ژمارەکە ئەوە دەردەخات کە هاتنی گەشتیار بەراورد بە هەمان ماوەی پار بە رێژەی 38٪ زیادیکردووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتی کولتووری سنە، "لەو ماوەیەدا 22 هەزار و 486 گەشتیار لە رێگەی سنووری باشماخەوە هاتوونەتە پارێزگاکەمان."
 
لە پشووی نەورۆزدا گەشتیارێکی زۆریش لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانەوە سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی شارە سنوورییەکان دەکەن. 
 
مەنسوور مێهرزاد گوتی: "رەزامەندیی گەشتیاران یەکێکە لە گرنگترین کارەکانی لیژنەی جێبەجێکاری خزمەتگوزارییەکانی گەشتوگوزاری پارێزگاکە و هیوادارین بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دامودەزگە پەیوەندیدارەکان، بتوانین میواندارییەکی باشی گەشتیارانی نەورۆز بکەین."
 
بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتی کولتووری پارێزگای سنە گوتی، دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی ئێران کە بووەتەهۆی گەشەی ئابووری و بازرگانی لە ناوچەکە و جگە لەوەش رۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە هەیە.
 
25ی ئاداری 2025، بەڕێوەبەری گەشتیاری و میراتی کولتووری پارێزگای سنە رایگەیاند، لە 10 رۆژدا 203 هەزار و 725 گەشتیار چوونەتە پارێزگای سنە و ئەو شارانەی زۆرترین گەشتیار رووی تێکردوون بریتین لە بانە، مەریوان و سەوڵاوا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە