رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێك، کە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە ئاڕاستەی سەرجەم قایمقامییەتەکانی پارێزگاکە کراوە، هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەت لە پرسگەی فەرمانگەکانی حکومەت دابنێت، پێویستە پۆلیسی لێ ئاگادار بکرێتەوە و دەستی بەسەردابگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تەمموزی 2021، هەڵگورد نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو نووسراوە ماوەیەکە پێمانگەیشتووە و کارمان لەسەرکردووە، هەر کەسێک کاتێک سەردانی فەرمانگەیەکی حکومەت دەکات کلاشینکۆف یان دەمانچەی بێ مۆڵەت لە پرسگەکەی دابنێت، پێویستە هێزەکانی پۆلیسی لێ ئاگاداربکرێتەوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر".
بە گوتەی هەڵگورد نەجیب ئەو رێکارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەستبەسەرداگرتن و نەهێشتنی دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت.
نووسراوەکە، کە ژمارە 1397ی لەسەرە و مانگی رابردوو دەرچووە، لەلایەن قایمقامی سۆرانەوە لە رۆژی 13ی تەمموزی 2021 گشتاندنی بۆ کراوە، ئەو هاونیشتیمانییانەی سەردانی فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و چەکیان پێیە، بەپێی یاسای ژمارە 16ی ساڵی 1993(ماددەی 21ی چەک) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ