رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی بەفر و باران هەموو هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پلەی گەرماش دادەبەزێت.
ئەمڕۆ هەینی 22ی تشرینی دووەمی 2024 محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت لە شەوی 24/25ی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارینی مامناوەند بۆ باش لە دەریای نێوەڕاستەوە بگاتە هەرێمی کوردستان و سەرجەم ناوچەکان بگرێتەوە. چەقی بارانبارینەکە رۆژی 25ی مانگ دەبێت."
محەممەد کەمال دەڵێت، "هەر رۆژی 25ی مانگ بارستە هەوایەکی سارد روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و تێکەڵ بە شەپۆلەکە دەبێت. پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە هەموو ناوچەکاندا نزیکەی 11 پلە دابەزێت، بە جۆرێک کە لە هەندێک شوێن بە رۆژدا لە خوار 6 پلەی سیلیزی و لە شەویشدا بۆ چەند پلەیەکی خوار سفری سیلیزی داببەزێت."
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، "پێشبینی دەکرێت 15 بۆ 50 میلیمەتر باران ببارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش پێشبینی بەفربارینێکی زۆر دەکرێت."
محەممەد کەمال داوا لە هاونیشتمانیان دەکات "خۆیان بۆ هاتنی ئەو شەپۆلە سەرما و سۆڵەیە ئامادە بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ