لە گوندێکی بەردەڕەش 41 منداڵی دووانە هەن

28-07-2020
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
سیان لە منداڵەکان سیانەن
سیان لە منداڵەکان سیانەن
نیشانەکردن منداڵ دووانە
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

لە گوندێکی بەردەڕەش 41 دووانە یان جمک هەن و سێ کوڕیان سیانەن. زۆربەی ئەو جمکانە لە تەمەنی منداڵیدان.
 
یاسین ئیبراهیم، قوتابییە و یەکێکە لە جمکەکان و دەڵێت، "ئێمە شەڕ لەگەڵ یەک ناکەن و یەکدیمان خۆش دەوێت. لەگەڵ یەک خواردن دەخۆین و دەچینە هەمان قوتابخانە. پێکەوە دەچینە دووکان و پاسکیلێکمان هەیە. هاوکاریی دایک و باوکیشمان دەکەین".
 
مامۆستایەکی گوندەکە باس لەوە دەکات کە هەندێک جار قوتابییە جمکەکانی خۆی لێک جودا ناکاتەوە. خەڵکی گوندەکە 1933 کەسن و لە 80 کەسیان دووانیان جمکن. سەرەڕای ئەوەی کە سێ برایش بە سیانەیی لەدایکبوون.
 
محەممەد نەزیر، مامۆستای گوندەکەیە و دەڵێت، "جمکەکان رێژەی 4.3% پێکدێنن. واتە هەر حەوت ماڵ جمکێکیان بەردەکەوێت. گوندی کەونەباک بەو جمکانە جوانە. دڵیان پێیان خۆشە و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییان باشە".
 
بە گوێرەی دوایین لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە جیهاندا لە هەر هەزار کەس نزیکەی سێ بۆ چواریان جمکن. پزیشکان دەڵێن کە بۆماوەهۆکار و جینەکان کاریگەرییان هەیە.
 
 ئیمان سدیق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبوونی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر جمک مێژوویەکی خێزانیی هەبێت، ئەوا ئەگەری هەیە لە داهاتوویشدا کچ و کوڕەکانی خێزانەکە جمکیان ببێت. بە دڵنیاییەوە جینەکان کاریگەریی زۆریان هەیە".
 
زۆربەی خەڵکی گوندی کەونەباک خزم و کەسن. لە ساڵی 1954ەوە جمکی لێ پەیدابووە و لە ساڵی 2000ەوە رێژەی جمکەکان زیادبووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە