رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە سبەی چوارشەممەوە کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕۆیی لە نێوان سلێمانی و چەمچەماڵ، بە فەرمی سەرپێچی هاتووچۆ تۆمار دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەی هاتووچۆی سلێمانیدا هاتووە، کامێراکانی چاودێری خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە نێوان پردی تاسڵوجە بۆ چەمچەماڵ، رۆژی چوارشەممە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەکەونە کار و سەرپێچی تیژڕۆیی تۆمار دەکەن.
لەبارەی خێرایی لێخوڕین لەو رێگەیە، ئەفسەرێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خێرایی لێخووڕین لە رێگەی تابلۆکانەوە دیاریکراوە و دەبێت شۆفێران بە ئاگاییەوە شۆفێری بکەن".
بەگوێرەی هاتووچۆی سلێمانی، ئەو کامێرایانەی لەو رێگەیەدا تیژڕۆیی تۆمار دەکەن و 28 کامێران، تابلۆی رێنوێنی دانراون و دەبێت شوفێران بەگوێرەی رێگەپێدانی خێرایی نێو تابلۆکان شۆفێری بکەن.
هەر ئەمڕۆ عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "لە سنووری ئێمەوە لە چەمچەماڵ دەردەچیت تاوەکو بانی مەقان بەنێو شار دادەنرێت و خێرایی لێخووڕین 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، لەوێوە خێرایی رێگەپێدراو دەبێتە 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا تاوەکو ناحیەی تەکیە. لە تەکیە بۆ سلێمانیش شۆفێر دەبێت ئاگاداری تابلۆکان بێت و بەگشتی لە هیچ کام لە رێگەکە خێرایی رێگەپێدراو زیاتر نییە لە 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا".
هاتووچۆی سلێمانی بە شۆفێران دەڵێت: "بۆ ئەوەی تووشی رووداو و کارەسات و سزای دارایی نەبن، پابەند بن بەو خێراییانەی کە دیاریکراوە".
جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی تیژڕۆیی، چەند جۆرێکی دیکەی کامێرا بۆ هەمان ئامانج دانراون یان رۆژانە دادەنرێن، لەوانە کامێرای جێگیر کە لە یەک خاڵدا خێرایی تۆمار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جۆری کامێرا هەن کە گەڕۆکن و پۆلیس و ئەفسەرانی هاتووچۆ هەر جارەو لە رێگەیەکدا دایدەنێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دانانی کامێراکان بۆ بەرژەوەندیی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە. هاونیشتمانیانیش نیگەرانن لە بەرزیی نرخی سزای سەرپێچییەکان، کە لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 230 هەزار دینار.
تاوەکو ئەمڕۆ لە رێگە سەرەکییە دوو ئاراستەکانی هەرێمی کوردستان کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی تیژۆڕیی دانراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ