رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئاکرێ دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کەمتر لە ساڵێکدا پڕۆژەی ئاوی قەزاکە تەواو بکرێت و بە تەواوبوونیشی کێشەی کەمئاوی لە شارەکە و چەندین گوندی دەوروبەری چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە راکێشانی بۆری لە ئاوی زێی گەورەوە لە سێ شوێنی جیاوازی قەزاکە کاری تێدا دەکرێت. زیاتر لە 65٪ـی کارەکان تەواوبوون و چاوەڕوان دەکرێت دوو مانگی دیکە تەواوبوونی کارەکانی بگاتە 80٪."
زرار ئەحمەد دەڵێت: "کۆمپانیایەکی ئێرانی و دوو کۆمپانیای نێوخۆیی کارەکانی پڕۆژەکە بەڕێوەدەبەن. زۆرینەی کارە سەرەکییەکان لە ئەستۆی کۆمپانیا ئێرانییەکەیە و بەڵێنی پێداوین کە ئەگەر پارەی پێویست لەبەردەست بێت، لە 11 مانگی داهاتوودا پڕۆژەکە تەواوبکات. حکومەتیش بەڵێنی داوە ئەو 109 ملیار دینارەی بۆ پڕۆژەکە دیاریکراوە، دابینی بکات."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئاکرێ: "ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت لە کاژێرێکدا 3 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم بهێنێت. بەو جۆرەش کێشەی ئاوی سەنتەری قەزاکە و 18 گوندی دەوروبەری کە دەکەونە سەر رێڕەوی بۆرییەکان بە تەواوی چارەسەر دەبێت. داوامان کردووە 21 گوندی دیکەی سنووری قەزاکە لەو پڕۆژەیە سوودمەندبن و بڕیارە لە داهاتوودا حکومەت ئەو داواکارییەشمان جێبەجێ بکات."
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لە 2013-8-10 دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواونەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ