رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی بۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەرکرد و دانیشتنەکە لە 2ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 417ـی ساڵی 2024 دەرکرد؛ بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە، 02-12-2024 کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەم فەرمانەش لە رێکەوتی دەرچوونی جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە."
هەروەها لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش هاتووە، "لە فەرمانەکەدا، کە پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی (3) لە ماددەی (10)ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەمووارکراو دەرچووە، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی بەربژێرە دەرچووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولەکە."
دڵشاد شەهاب گوتی، "هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووانە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە رۆژی 24-11-2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی لە پەسندکردنی ئەنجامەکان و ناردنی لیستی ناوی بەربژێرانی سەرکەوتوو ئاگادارکردەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمیی پەرلەمانی کوردستانی لە لیستی ناوی سەرکەوتووان ئاگادارکردووەتەوە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەردەوامی هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە و گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کە کارابوونی پەرلەمانی کوردستانە بۆ خولێکی نوێ؛ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرە سەرکەوتووەکان هاوئاهەنگی و پەیوەندییان هەبووە بۆ بەڕێوەچوونی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان. چونکە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی یاسادانانی لەکارکەوتووە و ئەوەش بۆشاییەکی گەورەی دروست کردووە.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت، دڵشاد شەهاب گوتی، "ئەوەی قورس بوو کردنی هەڵبژاردن بوو ئەویش کرا، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە پێکهێنانی حکومەتە و بەدڵنیاییەوە ئیرادە هەبێت ئەوەش ئاسانە و ئێمە وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیە و هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان دەدەین، تائێستاش تەنیا کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریداوە کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان نەکات، بەڵام ئێمە هەر پەیوەندیمان پێوەکردوون و رێزیش لە بڕیارەکەیان دەگرین."
رۆژی 18ـی تشرینى یەکەمی 2024، دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
لەلایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن 41 تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دا، بەڵام سەرجەمیان لەلایەن دەستەی دادوەری کۆمیسیۆنەوە رەتکرانەوە. رۆژی 24ی ئەم مانگەش ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی پەسند کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ