کوردێک بە قایمقامى نوێى خانەقین هەڵبژێردرا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە کوردێکی وەک قایمقامى نوێى قەزاى خانەقین هەڵبژارد کە لە پشکى یەکێتیی نیشتمانى کوردستانە. ئەمەش دوای ئەوەی دانانی کوردێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە ناڕەزایی لێکەوتەوە.  
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ى تشرینى دووەمی 2024، ئەوس مەهداوی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەنجوومەنى پارێزگا بە زۆرینەى دەنگ جەواد ئەرکەوازى وەک قایمقامى نوێى قەزاى خانەقین هەڵبژارد."
 
قەزاى خانەقین ناوچەیەکى کوردستانى سنوورى پارێزگاى دیالەیە کە تاوەکو ئێستا بە گوێرەى مادەى 140 ى دەستوور چارەنووسی کارگێڕى لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى یەکلا نەبووەتەوە. 
 
شەوی 23-10-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کۆبووەوە و دەنگیان لەسەر زۆربەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی پارێزگاکە دا. تەنیا پۆستی قایمقامی قەزای خانەقین درایە کورد، لە کۆبوونەوەکەدا کەسێک بەناوی سۆران عەبدولوەهاب باجەلان بۆ پۆستی قایمقامی خانەقین هەڵبژێردرا، بەڵام ناڕەزایی بەشێک لە خانەقینییەکانی لێکەوتەوە، بەو پێیەی ئەو کەسە لە سلێمانی دادەنیشێت.
 
شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندى خانەقینى یەکێتیی نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "جەواد ئەرکەوازى، کادرى پێشکەوتووى یەکێتى نیشتمانى کوردستانە و ئەندازیار بووە لە شارەوانیی خانەقین".
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا لەساڵى 2023، یەکێتیى نیشتمانى کوردستان لە دیالە 28 هەزار و 648 دەنگى بەدەستهێنا و یەک کورسى لە ئەنجوومى پارێزگا هەیە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تابلۆی گوندێک کە بە کوردی لەسەری نووسراوە.

تابلۆی ناوی گوندەکانی مەریوان بە کوردی دەنووسرێن

ئەنجوومەنی فەرهەنگی – ئەدەبی مەریوان لە پاڵ ناوی فارسی، ناوی کوردی بۆ تابلۆی گوندەکانی مەریوان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد دەکات.