رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی پێشووی یەکگرتوو دەڵێت، ''ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئەگەر رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد نەبێتە بەرنامەمان، زیانێکی گەورە دەکەین''؛ گوتیشی، باشووری کوردستان زیان ببینێت، عێراق و سەرجەم پارچەکانی کوردستانیش زیانمەند دەبن.
ئەمڕۆ هەینی، 27-12-2024، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دەستپێکی کۆنگرەی نۆیەمی حیزبەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''کۆنگرەی یەکگرتوو لە دۆخێکی هەستیار و تایبەتدا دەگیرێت، ئەگەر بەهۆی پابەندبوون بە پەیڕەوی نێوخۆ نەبووایە، لەوانە بوو بەستنی کۆنگرە لەو کاتەدا ئاسان نەبێت.''
سەلاحەدین بەهائەدین باسی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و گوتی: ''دۆخی ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆزە و لە شەڕی غەززەوە دەستیپێکرد، ئەو ستەمە گەورەیەی لە گەلی فەلەستین دەکرێت، ئەو جینۆسایدەی لەبەر چاوی جیهان تاوەکو ئێستا بەردەوامە، گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە تێگەیشتن بۆ مافی مرۆڤ.''
جەنگی غەززە لە 07-10-2023، بە هێرشکردنی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە دەستیپێکرد و تاوەکو ئیستا بەردەوامە. ئەمینداری گشتیی پێشووی یەکگرتوو گلەیی لە هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەر شەڕەکە دەگرێت و دەڵێت: ''ناڕەزایی دەربڕا، بەڵام دەسەڵاتەکانی رۆژئاوا، ئەورووپا و ئەمریکا هەڵوێستیان نادروست بوو، بەداخەوە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش بەهەمانشێوە''.
''دەبێت پرسی کورد لە سووریا لە چواچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێت''
سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا کرد و گوتی: ''ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە و جێگەی سەرنجە، دۆخی گەلی کوردە لە سووریا کە وەکو بەشێک لە گەلانی ستەملێکراوی وڵاتەکەن نزیکەی 60 ساڵە لە ئازاردان.''
ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''دەبێت پرسی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی دەستوور، لە دیمەشقی پایتەخت چارەسەر بکرێت.'' گوتیشی، ''بۆ ئەم بابەتە پەیوەندییەکانی خۆمان بەکارهێناوە و کارمان لەسەر کردووە، سوپاس بۆ خودا هەوڵەکانمان تارادەیەک بەرهەمی بووە و ئومێد دەکەین بەردەوام بین لەم چالاکییە، چونکە بابەتێکی گرنگە.''
بەگوتەی سەلاحەدین بەهائەدین، شکستی پڕۆسەی سیاسی و ئەزموونی سیاسیی کورد لە سووریا، زیانی بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
سەلاحەدین بەهائەدین گوتی: ''گەلی سووریا لە دۆخێکی هەستیار و گرنگدایە، ئەگەر خۆی نەخاتە چوارچێوەی دروست لەگەڵ گەلانی دیکە، شۆڕشگێڕان، دۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، لەوانەیە بە سەلامت دەرنەچێت.''
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەم دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی رووخێنرا. چەکدارەکان توانییان بەبێ بەرپەچدانەوە بچنە نێو دیمەشق و کۆتایی بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد بهێنن.
''کورد نێوماڵی خۆی رێکنەخاتەوە زەرەر دەکات''
سەلاحەدین بەهائەدین لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: ''لە وێستگەیەکی هەستیاردان و پێویستە پەلە نەکرێت لە بڕیاردان لەسەر پێشهاتەکان. دەبێت کەسایەتی و هێزە سیاسییەکان پێکەوە خەمە گەورەکان هەڵبگرن و شتە لاوەکییەکان بخەنە دوای ئەم وێستگەیە، ئەگەر نێوماڵی کورد رێکنەخرێتەوە و نەبێتە بەرنامەی کاری ئەم قۆناخە، ئێمە زیانێکی گەورە دەبینین.''
سەلاحەدین بەهائەدین پێیوایە ئەگەر "باشووری کوردستان زیان ببینێت، هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت عێراقیش بە شێوەیەک شێوەکان تووشی زیان دەبێت، بۆیە چاوەکان لەسەر یەکڕیزیی خەڵکی کوردستانە."
تاکە بەربژێر
هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین تاکە بەربژێرە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی ئەمینداری گشتی و هیچ کەسێکی دیکە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر نەکردووە."
هادی عەلی گوتی: "دەکرێت و ئاساییە لەنێو کۆنگرەدا کەسانێک بڵێن خۆمان بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی بەربژێر دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە مامۆستا سەڵاحەدین کەسی دیکە خۆی بەربژێر نەکردووە."
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1994 تاوەکو ئێستا هەشت کۆنگرەی بەستووە. بڕیاریشە ئەمڕۆ هەینی 27-12-2024 کۆنگرەی نۆیەمی خۆی لە هەولێر ببەستێت.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1994 تاوەکو ئێستا هەشت کۆنگرەی بەستووە. ئەمڕۆش هەینی 27-12-2024 کارەکانی کۆنگرەی نۆیەم دەستیپێکرد و کۆنگرەکەش دوو رۆژ دەخایەنێت.
بەپێی پەیڕەوی پەسندکراوی کۆنگرەی پێشووی ئەو حیزبە، ئەمینداری گشتی تەنیا بۆ دوو خول دەیتوانی ئەمیندار بێت، لەکاتێکدا سەڵاحەدین بەهائەدین 7 خولە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامییە.
25ـی ئەم مانگە، یەحیا نەوزەر، ئەندامی کۆنگرەی 9ـی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە رووداوی گوت، "هەموارێک بۆ پەیڕەوی ناوخۆی حیزب ئامادەکراوە و بەپێی هەموارە نوێیەکە؛ رێگە بە ئەمینداری گشتی دەدرێت جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ