رووداو دیجیتاڵ
مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی دیاری رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، کورد زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی دیکەی سووریا رووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بن بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا.
رۆژی هەینی 27-12-2024 کۆبوونەوەیەکی فراوان لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بە بەشداریی دەیان کەسایەتیی سیاسی، رۆشنبیری و هاونیشتمانی بەڕێوەچوو.
د. مورشید خەزنەوی، کەسایەتیی ئایینی دیاری رۆژئاوای کوردستان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، کورد زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی دیکەی سووریا رووبەڕووی جیاکاری و بێبەشکردنی مافەکانی بووەتەوە و گوتیشی، هێرشکردنە سەر زمان و کولتووری کورد لە سووریا تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
د. مورشید خەزنەوی بە پێویستی زانی هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن ئەو جیاکارییەی بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت کۆتایی پێ بهێنن و مافی کورد لە سووریای نوێدا بەدەستبهێنن.
ئەو کەسایەتییە ئایینیەی رۆژئاوای کوردستان بە پێویستیشی زانی هەموو هێزە سیاسییەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان پاڵپشتی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکەن؛ ئەو هێزەی لە ساڵی 2015ەوە لە یەپەگە و هێزی هۆزەکان پێکهێندرا بۆ شەڕکردن دژی داعش و لەو کاتەیشەوە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
د. مورشید خەزنەوی گوتی، کوردی رۆژئاوای کوردستان چەندین دەیەیە بۆ پاراستنی مافەکانی هەوڵ دەدات و لە چوارچێوەیەشدا شەهیدی داوە.
گوتەی ئەو مامۆستا ئایینییە لە کاتێکدایە، لە 8ی ئەم مانگەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریادا هاتووە و د. مورشید خەزنەویش گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان و هانی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ