کوردستان
گردبوونەوەیەکی خەڵکی ترپەسپی لە رۆژئاوای کوردستان کە تەنیا ئاڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان هەڵکردووە، لە رۆژی 25ـی 12ـی 2024. وێنە: ANHA
رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانێکی باڵای رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "دەسەڵاتدارانی رۆژئاوای کوردستان بە پارتە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستانیان گوتووە، تەنیا ئاڵا و هێما فەرمییەکان هەڵبکەن." ئەوەش بە مانای ئەوە دێت، هێما و ئاڵاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قەدەخە دەکرێن.
رۆژی هەینی 27-12-2024 نەسرەدین ئیبراهیم، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلپارتی) بە کاروان فەیزی دری، رۆژنامەڤان و ئیدیتۆری رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بە هەموو دامەزراوە و پارتە سیاسییەکانی راگەیاندووە ئاڵاکانی شۆڕشی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێماکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبکەن و بەکاربهێنن."
ئەو بەرپرسە گوتیشی، بڕیارەکە لە 16ـی مانگەوە دەرچووە، بەڵام هێشتا بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە.
پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا یەکێکە لەو 24 پارتەی کە لەنێو هاوپەیمانیی (پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە سووریا – پەیەنەکە)ـیە. پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) سەرکردایەتیی هاوپەیمانێتییەکە دەکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە 08-12-2024ـوە، تەنیا ئاڵای نوێی سووریا، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانە بەکارهاتووە.
سامانسا تیل، لێکۆڵینڤانێکە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژئاڤا بە رووداوی گوت، هێشتا لە بڕیاری قەدەخەکردنی ئاڵای پەکەکە ئاگادار نییە و گوتی: "هەسەدە تۆمەتی ئەوەی دەخرێتە پاڵ کە سەر بە پەکەکەیە، ئەوەش شتێکە کە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رەتیکردووەتەوە. پێم باشە بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو تۆمەتانە نەخرێنە پاڵیان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێگە لە هەڵکردنی ئاڵای پەکەکە بگرێت. هەرچەندە هەندێک کەس و خێزان کە هێشتا سۆزیان بۆ پەکەکە هەیە، بەردەوام دەبن لە هەڵکردنی ئاڵاکە."
نەسرەدین ئیبراهیم گوتی، لە بڕیارەکە ناوی "پەکەکە" یان هەڵکردنی ئاڵاکەیان نەهاتووە، بەڵکو بۆ ئەوەیە "وا باشترە رۆژئاوای کوردستان نەکرێتە مەیدانی تەنگژە هەرێمی و کێشە کوردستانییەکان."
تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان هەیە و ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر سنوورەکەی. ئەنقەرە، پەکەکەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە و دەڵێت، یەپەگەی باڵی سەربازیی پەیەدەیەش پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە.
مەزڵوم عەبدی و فەرماندەکانی پەکەکە بەردەوام ئەو تۆمەتانەیان رەتکردوونەتەوە و رایانگەیاندووە کە هیچ پەیوەندییەکی رێکخراوەیی لە نێوان هێزەکانیان نییە، بەڵام ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە لە ساڵانی سەرەتای شەڕی دژی داعش، هاوئاهەنگی لە نێوانیاندا هەبووە.
واشنتن نێوەندگیری لەنێوان هەسەدە و تورکیا کردووە بۆ ئەوەی تەنگژەکانی نێوانیان چارەسەر بکرێن و رێگە لە هەڕەشەی هێرشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ، کە لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە بگیرێت. لە چەند رۆژی رابردووشدا چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە کۆبانێ بینران.
رووداو پرسیاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد، کە ئایا واشنتن راوێژی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە، گوتەبێژێکی وەزارەتەکە خۆی لە لێدوان دان لەسەر ئەو پرسە بەدوور گرت، بەڵام دووپاتی کردەوە کە "پەکەکە لە لیستی تیرۆردایە و هەسەدەش هاوبەشی ئەمریکایە لە شەڕی دژی داعش. ئەمریکا بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیا لەبارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە سووریا."
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە پرۆگرامێکی تایبەتی تەلەفیزیۆنی رەتیکردەوە هیچ رێکخستنێکیان لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت و گوتی: "ئێمە بە ئاشکرا رایدەگەیێنین، لە رۆژئاڤا وەک پەکەکە نین. لە رۆژئاڤا هیچ رێکخستنێکی ئۆرگانیمان نییە."
قەرەیلان باسی لەوە کرد، هەمووان دەزانن گەریلای پەکەکە کەی رۆیشتووەتە ئەو ناوچانە و کەی لێی دەرچووە؛ گوتی: "ئەوکاتەی داعش هات و هێرشی هێنا، ئێمە چووینە کەرکووک، هەولێر، مەخموور، شنگال، بێگومان چووینە کۆبانێ، چووینە رۆژئاڤا، بەڵام دواتر گەڕاینەوە."
قەرەیلان هەموو ئەو رەخنە و ناڕەزاییانەی ئێستای رەتکردنەوە کە باس لە بوون و هەژموونی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان دەکەن و باسی لەوە کرد، لە زۆر شوێندا رێبازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جێبەجێ دەکرێت، کە ئەمە بە مانای بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە نایەت.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)بەردەوام داوای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە کردووە خۆیان لە ئاڵا و هێماکانی پەکەکە بەدوور بگرن.
سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ئەنەکەسە لەبارەی ئەو بڕیارە بە رووداوی گوت: "ئەمە بڕیارێکی باشە."
رۆژی دووشەممە 23-12-2024 مەزڵوم عەبدی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەنەکەسە کرد و دواتر هەردوولا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "هاوڕابووین لەسەر گرنگیی کۆبوونەوەی بەردەوام و خێرا چارەسەرکردنی کێشەکان."
نەسرەدین ئیبراهیم لە هەمان کاتدا ئەندامی لیژنەیەکەی پەیەنەکەیە کە لەگەڵ ئەنەکەسە دانوستاندن دەکەن، بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکەی نێوان عەبدی و ئەنەکەسە لەلایەن ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیاوە نێوەندگیری کرا."
نەسرەدین ئیبراهیم گوتیشی: "ئامانجەکە بۆ ئەوەیە روانگەکان لە یەکدی نزیک بکرێنەوە و بەسەر کۆسپەکاندا سەربکەوین، کە رێگە لە پێکهێنانی لیژنەیەکی کوردیی هاوبەش دەگرێت بۆ گفتوگۆکردن و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەبارەی پرسی کورد لە سووریا نوێ."
ئەحمەد شەرع کە بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسراوە، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)یە کە لەگەڵ چەند گرووپێکی هاوپەیمانی، کۆتاییان بە دەسەڵات و حوکمی بەشار ئەسەد هێنا.
چەند رۆژێک دوای رووخانی ئەسەد، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاگاداری دامەزراوەکانی کردەوە ئاڵای نوێی سووریا هەڵبکەن. ئیدارەکە هەروەها پلانی ئەوەی داناوە شاندێک بۆ دیمەشق بنێرێت بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بەراییەکان لەگەڵ حکومەتی نوێ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ