رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئۆپەراسیۆنێکیان لە نزیک نەخۆشخانەیەکی باکووری غەززە ئەنجامداوە و "چەند چەکدارێکی حەماس کراونەتە ئامانج." حەماسیش دەڵێت، ئیسرائیل چووەتە نێو نەخۆشخانەکەوە و داوای چۆڵکردنی کردووە.
رۆژی هەینی 27-12-2024 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنێکیان لە نزیک نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە بەیت لاهیای باکووری غەززە ئەنجامداوە.
نەخۆشخانەی کەمال عەدوان تاکە نەخۆشخانەی باکووری غەززەیە کە بە شێوەیەکی نیمچەیی کاردەکات. رۆژی پێنجشەممە 26ـی مانگ، کارگێڕیی نەخۆشخانەکە بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا پێنج کارمەندیان کوژراون.
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "نەخۆشخانەکە کرابووە مۆڵگەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەردەوام داڵدەی ئەندامە تیرۆریستەکانی دەدا."
لە 06-10-2024ـوە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی بۆ سەر باکووری غەززە چڕکردوونەتەوە و دەڵێت: "بۆ رێگەگرتنە لە حەماس لە دووبارە خۆیەکخستنەوەی لە ناوچەکەدا."
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ بڵاویکردەوە: "بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ژێرخان و ئەندامە تیرۆریستییەکان، ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە دەستی پێکردووە. سەربازەکانمان ئۆپەراسیۆنی ئامانجدار دەکەن و هەوڵی کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل، نەخۆش و کارمەندانی نەخۆشخانەکە دەدەن."
پێش ئەو "ئۆپەراسیۆنە سەربازییە" کە ئیسرائیل باسی دەکات، سوپای وڵاتەکە بڵاویکردەوە: "بە سەلامەتی نەخۆشخانەکەمان لە خەڵکی سڤیل، نەخۆش و کارمەندان چۆڵکرد."
بزووتنەوەی حەماس دەڵێت: "هێزی داگیرکار هەڵیکوتایە سەر نەخۆشخانەکە و بەزۆر بریندار، ئاوارە، نەخۆش و ستافەکەی دەرکرد."
'بەشی نەشتەرگەری گڕی تێبەردراوە'
حەماس، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەوانەی لەو نەخۆشخانەیە بوون، "پەیوەندییان لەگەڵ هەموو لایەک پچڕێندراوە، دەستگیرکراون و براونەتە شوێنێکی نەزانراو."
تەندروستیی غەززە لە زاری حوسام ئەبو سەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل "ئاگری لە هەموو بەشەکانی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکە بەردا. هەموو ستافی نەخۆشخانە و ئاوارەکانیان دەرکرد و بریندارێکی زۆریش لەنێویاندایە."
بەگوتەی ئەبو سەفیە، تاوەکو بەیانیی 27-12-2024، نەخۆشخانەکە نزیکەی 350 کەسی تێدابوو، لەنێویاندا "75 بریندار و نەخۆش هەروەها 180 کارمەندی نەخۆشخانە."
چەند شایەتحاڵێکی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، نەخۆشخانەکە چۆڵکرا و سەدان کەس بە ناچاریی روویان لە قوتابخانەی فاخوورە و نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی کرد لە جەبالیا.
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، چەندین جارە سوپای ئیسرائیل حەماس بە بەکارهێنانی نەخۆشخانەکانی غەززە، "وەک ناوەندی فەرمان و کۆنترۆڵ" تۆمەتبار دەکات. حەماس هەموو جارێک ئەو دەنگۆیانەی رەتکردوونەتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، دۆخی نەخۆشخانەکەی بە "شۆکهێنەر" ناوبردووە و رایگەیاند: "نەخۆشخانەکە لە نزمترین ئاستی خۆی کار دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ