رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی یەک ملیۆن قوتابی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وازیان لە خوێندن هێناوە. ئەمە جگە لەوانەی هەر نەچوونەتە قوتابخانە. حکومەتی ئێران دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری بەردەوام دەبن
عەبدوڵڕەزا فولادوەند، جێگری وەزیری پەروەردەی ئێران و سەرۆکی رێکخراوی نەهێشتنی نەخوێندەواری رایگەیاند: "بەپێی ئاماری ساڵی 1395، رێژەی خوێندەواری 94.7٪ بووە. بەپێی ئاماری ناوەندی ئامار، ئێستا 96.9٪ی دانیشتووانی ئێمە خوێندەوارن. واتە نزیکەی 3٪ لە دانیشتووانی ئێمە نەخوێندەوارن. ئامارەکە تەمەنی نێوان 10 بۆ 49 ساڵ دەگرێتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی نەخوێندەوارن نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس دەبێت."
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، زیاترین رێژەی نەخوێندەواری لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگای ورمێیە کە 4٪ـە. لە لوڕستان، سنە و ئیلام رێژەی نەخوێندەواری 3٪ و لە کرماشانیش 2٪ـە
لە لایەکی دیکەوە، ئەم ساڵ 992 هەزار خوێندکار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە خوێندن دابڕاون.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارێزگای ورمێ 10٪ی قوتابییان لە خوێندن دابڕاون. لە سنە 12 هەزار و 200 قوتابی و لە لوڕستانیش دوو هەزار و 755 قوتابی لە خوێندن دابڕاون.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند: "دەمانەوێت بۆ خەڵکی خۆمان و منداڵەکانمان زەوینەیەکی باش بۆ پەروەردە و خوێندن بڕەخسێنین. خەریکی ئەوەین شێوازی خوێندن، فێرکردن و چۆنیەتیی پەروەردەکردن لە قوتابخانە حکومییەکان بە تەواوی بگۆڕین. وا دەکەین قوتابیان لە قوتابخانە حکومییەکان بە باشترین شێوە پەروەردە بکرێن."
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، هەژاری، داب و نەریت لەوانە رێگری خێزانەکان بۆ خوێندنی کچان، کارکردنی منداڵان بۆ یارمەتیدانی خێزانەکانیان، بێئومێدبوونی قوتابییان لە چارەنووسیان دوای تەواوکردنی خوێندن، لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانی قوتابییانە لە خوێندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ