رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، داعش ئەو هێرشانەی قۆستووەتەوە کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێتە سەر هێزەکانیان. تەنیا دوێنێ پێنجشەممە دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیەوە دوو شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا رۆژی هەینی رایگەیاند، "رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات ئەو دۆخە ئاژاوەییە بەربڵاوەی لە خاکی سووریا هەیە بیقۆزێتەوە تاوەکو خۆی زیندوو بکاتەوە و هێز بەدەستبهێنێت و کردەوەی تیرۆریستی بکات. بە شێوەیەکی سەرەکی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، چونکە ئەو ناوچانە زیاتر ئارام و سەقامگیرن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، شانەکانی داعش لە شارۆچکەی مەرکەدە، لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی هەسەدەیان کردووەتە ئامانج، بەو هۆیەوە شەڕڤانێک گیانی لەدەستداوە.
هەروەها لە شارۆچکەی شەحیل، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی هەسەدە کردووە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکە لە خاڵێکی سەربازی دەرچووە، لە ئەنجامدا شەڕڤانێک گیانی لەدەستداوە.
جگە لەو دوو هێرشە، هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە، شانەیەکی چەکدارانی داعش بە ئارپیجی تەقەیان لە وێستگەی ئاوی شارۆچکەی "زیبان"ی کردە ئامانج، زیانی ماددیان بە وێستگەکە گەیاند.
لەدوای گرژییەکانی ئەمدواییەی سووریا، هەسەدە چەندین جار هۆشداری لە سەرهەڵدانەوە و بەهێزبوونەوەی داعش داوە.
دوو لە گەورەترین کەمپی چەکدارانی داعش و کەسوکاریان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دان، ئەوانیش کەمپەکانی هۆل و رۆژن لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ