رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە پارێزگاکەی دەکات و بەشی زۆری ناوچەکانی ورمێ دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەهدی سابری، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکە دەگرێتەوە و تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت".
سابری گوتی، "پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەو شەپۆلەوە پلەی گەرما دابەزێت و بەستەڵەک دروست ببێت، لە هەندێک ناوچەش بە هۆی بارانبارین، ئاستەنگ لە شەقامەکان دروست بێت و مەودای بینین بە هۆی تەم و مژ کەم ببێتەوە".
سابری گوتی، ئەگەری دروستبوونی لافاو لە بەشێکی پارێزگاکە هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاونیشتمانییان لەو ماوەیەدا لە چوون بۆ شاخەوانی و شوێنە بەرزەکان خۆیان بە دوور بگرن و لە نزیکبوونەوە لە رووبار و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی لافاویان هەیە، خۆیان بپارێزن.
لە لایەکی دیکە، کەشناسیی ئیلام باس لەوە دەکات، پلەی گەرما لە بەشی زۆری پارێزگاکە دادەبەزێت و هەورە برووسکە و بای بەهێزی لەگەڵدا دەبێت و پێویستە هاونیشتمانییان لەو ماوەیەدا لە چوون بۆ شاخەوانی و شوێنە بەرزەکان خۆیان بە دوور بگرن و لە نزیکبوونەوە لە رووبار و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی لافاویان هەیە، خۆیان بپارێزن و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
کەشناسیی سنەش دەڵێت، شەپۆلێکی باران و سەرما و بەفربارین لە رۆژێ سێشەممە پارێزگاکەی گرتووەتەوە و تاوەکو نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و شەپۆلەکە هەندێک جار بای بەهێزی لەگەڵ دەبێت و لە هەندێک ناوچە مەودای بینین کەم دەبێتەوە.
کەشناسی کرماشانیش باس لەوە دەکات، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلی بارانبارین و بەفر و سەرما بەشی زۆری پارێزگاکە دەگرێتەوە کە بای بەهێز و هەورە برووسکەی لەگەڵدایە و تاوەکو رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و هەندێک شوێنی پرێزگاکەش خۆڵبارین دەبێت.
هاوکات، کەشناسی لوڕستان دەڵێت، شەپۆلی بەفر و باران و سەرما لە رۆژی هەینی بەشی زۆری پارێزگاکەی دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بای بە هێز و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ