رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی قوماش لە سلێمانی دەڵێت، لەلایەن شەش کەسەوە لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رفێندراوە و ئەشکەنجە دراوە، لە بەرامبەر ئازادکردنیشی داوای بڕە پارەیەکی زۆریان کردووە.
بازرگانەکە نزیکەی 10 ساڵە کاری کۆفرۆشیی جلوبەرگ دەکات و چەندین جار لەو ماوەیەدا سەردانی تورکیا و سووریای کردووە، بەڵام یەکەم جاری بووە بچێتە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. بە گوتەی خۆی، پێشتر لە رێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لەو کەسانە هەبووە.
ئەو چیرۆکەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە و باسی لەوە کرد، کەسەکان هەوڵیانداوە نینۆکی قاچی بە پلایس دەربکەن و سەریان شکاندووە، کارەبایان لێداوە تاوەکو لەهۆش خۆی چووە.
کەسەکان دوای ئەوەی بێهۆشیان کردووە، وێنە و ڤیدیۆیان بە رووتی گرتووە و داوای 50 هەزار دۆلاریان لە کەسوکارەکەی کردووە، پاش مامەڵە لەسەر 15 هەزار دۆلار رێککەوتوون و ئازادیان کردووە.
ئەو کە نایەوێت ناوی ئاشکرا بێت و دەموچاوی دەربچێت، دەڵێت: "کاتێک چوومە بۆکان، پەیوەندیم بەو کەسەوە کرد کە نزیکەی پێنج رۆژ بوو لە فەیسبووکەوە بۆ مامەڵەی جلوبەرگ یەکدیمان ناسیبوو، داوام لێکرد شوێنێکم بۆ بگرێت تاوەکو تێیدا بمێنمەوە، بە ئۆتۆمبێلێک هات بەدوامدا و منی بردە شوقەیەک، کاتێک چووینە ژوورەوە، دەرگەی داخست و تەورێکی دەرهێنا، زانیم نیەتی باش نییە یەکسەر پەلامارمدا، بەڵام لە پشتەوە بە شتێک دایان بەسەرمدا و لەهۆشخۆم چووم."
هەروەها باسی ئەوە دەکات، کاتێک بە ئاگا هاتووەتەوە، جلوبەرگی لەبەرنەبووە و دەستوقاچیان بەستووەتەوە، داوایان لێکردووە دان بەوەدا بنێت کە "بەسەر ئافرەتەوە گیراوە."
پاش سێ رۆژ لە ئازاردان، وێنەی بە رووتی گیراوە و ئازادیان کردووە، هەڕەشەیان کردووە ئەگەر پارەکە نەنێرێت، وێنەی نەشیاوی بڵاودەکەنەوە.
کچە گەورەی بازرگانەکە قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێت: باوکی کەسێکی "بە ئیمان و کاسبە، پێنج منداڵی بە نانی حەڵاڵ گەورە کردووە."
ئەو کچە کە ئاگاداری کارە بازرگانییەکانی باوکیەتی، باسی ئەوەشی کرد، ئەو باندە هەر کات تێلیان دەکرد داوای پارەیان دەکرد، "گوتیان ئەگەر ئێوە باوکتان دەوێت پارەمان بۆ بنێرن، کاتێک دەمانگوت پارەمان نییە، دەیگوت، بیکوژم. دوایین جاریش کاتێک گوتمان پارەمان نییە، مۆبایلەکەی دانەخستەوە و باوکمیان خستە نێو ئۆتۆمبێل، باوکم هاواری دەکرد فریام بکەون."
بازرگانەکە رۆژی دووشەممە چووەتە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە گەڕاوەتەوە سلێمانی، چاوەڕێیە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران هاوکاربن لە دەستگیرکردنی ئەو باندە و سڕینەوەی وێنە رووتەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ