رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە پردی گەلی عەلی بەگدا لەنێوان سۆران و هەولێر، بەوهۆیەوە هاتووچۆ لەو رێگەیەوە وەستاوە. بەهۆی رووداوەکەشەوە درزێکی گەورە لە پردەکەدا دروستبووە و مەترسیی رووخانی هەیە.
پردەکە لەسەر شوێنی گەشتنی رووباری باڵەکیان و رواندزە بە یەکدی. هاتووچۆی سۆران دەڵێت، شۆفێری بارهەڵگرەکە برینداربووە.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوەکرد، وا دەردەکەوێت بارهەڵگرەکە بەهۆی خێراییەوە کۆنترۆڵی لەدەستدابێت، پێش ئەوەی خۆی بکێشێت بە پردەکەدا، زیاتر لە 40 مەتر ئیستۆپی گرتووە، بەڵام خۆی پێنەگیراوەتەوە.
شۆفێرەکە گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەر دەکرێت.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران چووەتە شوێنی رووداوەکە بۆ پشکنینی شوێنەکە، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: پردەکە 80٪ـی سەلامەتیی لەدەستداوە و پێویستە بگۆڕدرێت بە پردێکی نوێ. بۆیە هاتووچۆ لەو رێگەیەوە وەستاوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، قسەیان لەگەڵ شۆفێرەکە کردووە و گوتوویەتی، لە دووریی 200 مەترەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بارهەڵگرەکەی داوە، بەڵام نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات. وەکو ئەو دەڵێت، بە خێراییەکی ئێجگار زۆر لێیخوڕیوە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند: شۆفێران دەتوانن رێگەی بێخاڵ بەکاربهێنن، "سەلامەت نییە ئۆتۆمبێلی بچووکیش بەسەر پردەکەدا بڕوات."
ناوچەکە شوێنێکی گەشتیارییە، بەهۆی پشووی کریسمس و سەری ساڵەوە، خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن. کاروان میراودەلی گوتی، تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ رێگەوبانەکان رێکدەخەن و پلانی خۆیان دادەنێن بەشێوەیەک کە ئاستەنگی هاتووچۆ دروست نەبێت و رووداوی دیکەی لێنەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ