رووداو دیجیتاڵ
مادە پیسکەرەکانی زەوی، ئاسمانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان دادەپۆشیوە. بەتایبەت لە هەولێر. تاوەکو ئێستا وێستگەی پێویست بۆ پێوانەکردنی رێژەی پیسیی هەوا لە هەرێمی کوردستان دانەنراوە، بۆیە رێژەکەی نازاندرێت.
عەبدلڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لەوە دەرچووە ئێمە وێستگەی پێوانەی هەوا دابنێین ئایا پیسە یان نا، دیارە پیسە و دەبێت هۆکارە سەرەکییەکان لاببرێن".
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار ئۆتۆمبێل و پێنج هەزار موەلیدە هەن. جگە لە ئۆتۆمبێل و موەلیدە، بوونی پاڵاوگەی نایاسایی بە هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی پیسکردنی ژینگەی شاری هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دادەنرێن. پسپۆڕانیش دۆخەکە بە مەترسی بۆ تەندروستی مرۆڤ دەزانن.
د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی ژینگە دەڵێت: "کار لەسەر تەندروستی دەکات، لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ، زۆربوونی جەڵتە، تووشبوون بە شێرپەنجە؛ هەروەها هۆکاری تەمەن کورتیش یەکێکە لە کارگەرییەکانی ئەم دوکەڵە".
لە هەولێر 138 پاڵاوگە، لە دهۆک 30 پاڵاوگە و لە سلێمانی 26 پاڵاوگەی نایاسایی هەن و ئەم ساڵ بەشێکیان داخراون، بەڵام زۆربەیان بەردەوامن لە کارکردن و بەهۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگەی شارەکان دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ