گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

26-06-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن کارەبا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەهۆی کێشە تەکنیکییەکەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە زیاتر لە پێنج کاژێر کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەوە، بەڵام ئیدی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
 
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێش ئەوەی کێشە لە کێڵگەی کۆرمۆر رووبدات، رۆژانە لە هەولێر 16 کاژێر و 43 خولەک کارەبای نیشتمانی هەبووە؛ لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 19 کاژێر؛ لە دهۆک 18 کاژێر و 18 خولەک و لە گەرمیان 20 کاژێر و 30 خولەک، بەڵام دوای ئەوەی کێشەیەکی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر دروستبوو زیاتر لە پێنج کاژێر کارەبا کەمبووەوە".
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، "ئەو کێشەیەی لە کێڵگەی کۆرۆمۆر هەبوو چارەسەرکراوە، بەڵام تاوەکو 24 کاژێر کاریگەری لەسەر کاژێرەکانی کارەبا دەبێت، واتە رۆژی یەکشەممەش کاریگەری لەسەر کاژێرەکان هەر مابوو، بەڵام ئیدی کارەبا ئاسایی بووەتەوە".
 
ئومێد ئەحمەد دەڵێت، "ئێستا بەرهەمهێنان 3800 مێگاوات تاوەکو 4000 هەزار مێگاواتە، ئەوەش بەگوێرەی یەکەکان، بەڵام خواست لەسەر کارەبا 5000 مێگاواتی تێپەڕاندووە".
 
رۆژی شەممە 24-06-2023 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرفتێكی تەكنیكی لە پڕۆسەی گواستنەوەی گاز لەلایەن كۆمپانیای گواستنەوەوە بۆ نێو کۆگەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دروستبووە، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا هەزار و 800 مێگاوات کەمبووتەوە.
 
دواتر و رۆژی یەکشەممە 25-06-2023 وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، "ئەو گرفتەی لە کێڵگەی کۆرمۆر ببووە هۆی وەستانی پڕۆسەی گواستنەوەی گازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا، چارەسەرکرا".
 
هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 200 بۆ 4 هەزار و 300 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت کە 75%ـی لە رێگەی سووتەمەنییەوەیە؛ بەڵام لە وەرزی هاویندا بۆ دابینکردنی کارەبایەکی 24 کاژێری، پێویستی بە 5 هەزار و 500 مێگاوات کارەبایە.
 
لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، هاونیشتمانیان لە رێگەی مووەلیدەوە کارەبایان پێدەدرێت، کە بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 5 هەزار مووەلیدە لە هەرێمی کوردستاندا هەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.