هێڵى کارەباى عێراق و ئوردن پێکەوە بەسترانەوە

30-09-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن کارەبا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى کارەباى عێراق رایگەیاند، هێڵى گواستنەوەى کارەباى نێوان عێراق و ئوردن بە تەواوى پێکەوە بەسترانەوە و لە چەند رۆژێکدا کارەبا بۆ عێراق رادەکێشرێت. 
 
زیاد عەلى فازڵ، وەزیرى کارەباى عێراق ئەمڕۆ (30ـی ئەیلوولى 2023) لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێڵى گواستنەوەى کارەباى نێوان ئوردن و عێراق لە رێگەى سنوورى نێوانیانەوە تەواو بووە و، لەماوەى چەند رۆژێکدا تەزووى کارەباى پێ دەگوزارێتەوە عێراق. 
 
وەزیرى کارەباى عێراق ئاشکرای کرد، "بۆ قۆناخى یەکەم لە رێگەى ئەو هێڵەوە 150 میگاوات کارەبا لە ئوردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ عێراق."
 
6ـی تشرینى یەکەمى 2022، بەشیر حەساونە، سەرۆکوەزیرانى ئوردن و مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق بەردى بناخەى پڕۆژەى راکێشانى کارەبایان واژۆ کرد، کە بە سێ قۆناخ دەبێت و لەدوا قۆناخیدا بڕى 900 مێگاوات کارەبا دەداتە عێراق.
 
وەزیرى کارەباى عێراق ئاماژەى بەوەش دا، جێبەجێکردنی گرێبەستەکانى راکێشانى کارەباى لە وڵاتانى دراوسێوە بە شێوەکى دروست بەڕێوەدەچن.
 
عێراق پێویستى بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە لە رۆژێکدا بۆ دابینکردنی کارەبا، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەى 26 هەزار مێگاواتە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش، پەنا بۆ کڕینى کارەبا دەبات لە کەرتى تایبەتى نێوخۆیی یان وڵاتانى دراوسێ.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە