رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی داوەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی لە پارێزگاکان خۆیان مامەڵەی بەشێک لە خانەنشینان تەواو بکەن و نەینێرنە هەولێر.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە زووتر مامەڵەکان تەواو بکرێن و لە گشتاندنەکەدا هاتووە، ئەوانەی لەدایکبووی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964ن مامەڵەکانیان لە شارەکانی خۆیان بۆ تەواو بکرێت، ئەوانەی پلە تایبەت و دادوەرن، لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر خواستی خۆیان دەیانەوێت خانەنشین ببن، مامەڵەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە هەولێر بۆ دەکرێت.
بەگوێرەی گشتاندنەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو هاونیشتمانییانەش کە فەرمانبەری مەدەنین و خزمەتی پێشمەرگایەتییان هەیە، دەبێت مامەڵەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی بۆ بکرێت.
رووداو لە خانەنشینیی سلێمانییەوە زانیویەتی، هەر کەسێک لە مانگی یەکەوە مامەڵەی خانەنشینی تاوەکو 17ی ئادار کردووە و مامەڵەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینییە، کە زیاتر لە 2000 کەسن، مامەڵەکانیان ناچێتەوە سلێمانی و هەر لە هەولێر تەواو دەکرێت، بەڵام ئەوانەی لەدوای ئەو رێککەوتەوە مامەڵەی خانەنشینبوونیان بۆ کراوە، لە سلێمانی تەواو دەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، لە 7ی ئەم مانگەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی دەست بە تەواوکردنی مامەڵەکان کراوە و ئێستا نزیکەی 600 مامەڵەیان لایە، رۆژانە نزیکەی 30 مامەڵە تەواو دەکەن و تاوەکو رۆژی یەکشەممە زۆربەیان تەواودەبن و دەخرێنە لیستی مووچەی مانگی نیسانەوە، چونکە وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینیی ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو یەکشەممە 13ی نیسان لیستی مووچەی مانگی نیسان بنێرنە وەزارەت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ مانگی چواریش 18 مووچەکەی خانەنشینان دابەش ناکرێت و کاتەکەی دیار نییە کەی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ