رووداو دیجیتاڵ
لە میانەی بەشداریکردنی لە 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، سەرۆک مەسعود بارزانی جەختی لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە. ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی هەستیاری ناوچەکە ئەم پەلەکردنە پێویست دەکات و گوتی، "قەیرانی گەورە لە ناوچەکە روویداوە و رەنگە قەیرانی گەورەتریش رووبدات."
سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی پەرلەمانی کوردستان و بە سەرکەوتووی وەسفی کرد، رایگەیاند، "دۆخی هەرێمی کوردستان لە دۆخی ناوچەکە بەگشتی بەدەر نییە، بەڵام ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بوو. هەڵبژاردن کرا و بە شاهیدیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو رێکخراوانەی هاتبوون، هەڵبژاردنێکی بێگەرد بوو، بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەڵبژاردنێکی زۆر زۆر باش بوو، ئەنجامەکانیشی دەرکەوت."
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت، سەرۆک بارزانی داوای یەکڕیزی و بەشداریی هەموو لایەنە براوەکانی کرد و گوتی، "کوردستان موڵکی هەموومانە و هەموومان برای یەکدین و کەسی یەکدین، جوان نییە یەکدی بشکێنین. با لاپەڕەیەکی تازە بکرێتەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بەشداریی کابینەی نوێی حکومەت بن."
سەرۆک بارزانی بەرپرسیارێتیی سەرەکی پێکهێنانی خێرای حکومەتی خستە ئەستۆی پارتی و یەکێتی، ئاماژەی بەوە دا، "تاوەکو ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە، دەبێت هەرچی زووترە کارەکانیان تەواو بکەن و کابینەکە دروستبکرێت." دووپاتیشی کردەوە، "تەنیا مەرجی سەرکەوتنی کورد، یەکگرتنی کوردە، کورد و کوردستانی."
هەروەها سەرۆک بارزانی ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەر هاوکارییەک لەو پێناوەدا و پەیامی بۆ پارتی و یەکێتی نارد، "پەلە بکەن لە دروستکردنی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
دەربارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ سەرۆک بارزانی گوتی، "تاڕادەیەکی باش کێشەکانی نێوانیان چارەسەر کراون، بەڵام هێشتا زۆری ماوە." هۆکاری سەرەکیی کێشەکانیشی گەڕاندەوە بۆ پابەندنەبوون بە بنەماکانی عێراقی نوێ و دەستوور و ئاماژەی بەوە کرد، "عێراقی نوێ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی پێکهات، ئەوانیش: هاوبەشی، هاوسەنگی و سازانن؛ بەڵام بەداخەوە پابەندبوونی پێوە نەکرا. ساڵی 2005 دەستوورێک بۆ عێراق نووسرا، ئەگەر پابەند بوونایە بەو دەستوورە، زۆرێک لە گرفتەکان روویان نەدەدا." هەروەها چارەسەریش بە "گەڕانەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە و پابەندبوون بە دەستوور" دەزانێت.
سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا، دان بە هەڵەکانیاندا بنێن، "دەبێت جورئەتی ئەوەیان هەبێت دان بە هەڵەکاندا بنێن و جارێکی دیکە لاپەڕەیەکی تازە بکەنەوە، بۆئەوەی عێراقیش تووشی گرفتی گەورەتر نەبێت."
دۆخی ناوچەکە و پاراستنی عێراق
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە و ئەوەش تەشەنەی کرد بۆ لوبنان و چەند ناوچەیەکی دیکەش، لەنێویاندا سووریا کە ناوبەناو لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان دەکرێت، ئەمەش جگە لە شەڕی نێوان سوپاکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ یەمەن.
سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەوەی خستەڕوو، "وەکو دەبینین لە دەوروبەرمان گرفتی زۆر گەورە هەن، شەڕی گەورە بەڕێوەیە... ئێمە ئومێدەوارین هەرچی زووە ئەو شەڕانە کۆتاییان پێبێت، ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە تەواو ببێت." جەختیشی کردەوە لە گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لەو ململانێیانەی لە ناوچەکە هەن، "لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ئەوانەی ئێستا لە بەغدا کاربەدەستن، بە هەموو توانایەک هەوڵبدەن، عێراق تێکەڵاوی ئەو شەڕانە نەبێت."
پێکەوەژیان و پێشانگەی کتێب
سەرۆک بارزانی پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە فەرهەنگی پێکەوەژیان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "داکۆکی دەکەین لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی شانازیی پێوە دەکەین، فەرهەنگی پێکەوەژیان، یەکدی قبووڵکردن، ئازادیی بیروڕا، ئازادیی دین و ئازادیی مەزهەب، ئەمانە بنەمایەکن کە بە هیچ شێوەیەک مساوەمەی لەسەر ناکرێت."
هەروەها ستایشی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی لە هەولێر کرد و بە ئاماژەدان بە گوتەیەکی شاعیری عەرەب موتەنەبی، گرنگی و بەهای هەمیشەیی کتێبی بیرهێنایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ