ئامەدسپۆر لە شارێکی تورکیا رووبەڕووی 'هێرشی نەژادپەرستی' دەبێتەوە

24-11-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر، کە لە کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تۆپی پێی تورکیا یاری دەکات، رۆژی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات. گرووپێک یانە کوردییەکە بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ "رێکخراوی تیرۆر" تۆمەتبار دەکات. 
 
ئامەدسپۆر رۆژی شەممە میوانی یانەی ئینەگۆلسپۆر دەبێت، کە یەکێکە لە تیپەکانی پارێزگای بورسای تورکیا و لە هەمان خول رکابەری دەکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەم عوسمان سەڤیم، سەرۆکی یانەی ئینەگۆلسپۆر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا پۆستێکی بڵاوکردەوە و نووسی، "بانگهێشتی هەموو هاندەرەکانمان دەکەم بە عەقڵی سەلیمەوە بێنە یاریگا و پاڵپشتی تیپەکەمان بکەن لە یارییەکەمان بەرامبەر ئامەدسپۆر، هیچ دوژمنایەتییەک لەنێوان ئێمە و ئامەدسپۆردا نییە، ئامەدسپۆر دۆستی ئێمەیە، بۆ ئێمە دەگونجێت دۆستایەتی لەگەڵ دۆستەکانماندا بکەین."
 
دوای بڵاوکردنەوەی ئەم پۆستە، ئێوارەی هەمان رۆژ گرووپێک لە هاندەرانی ئینەگۆلسپۆر چوونە بەردەم دامەزراوەکان و کاردانەوەیان بەرامبەر لێدوانەکانی عوسمان سەڤیم پیشاندا. 
 
ئەو گرووپە کە ناویان لەخۆیان ناوە "ئوڵترا ئینەگۆل" لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن: "ئەوانەی فیکە بۆ سروودی نیشتمانی لێدەدەن و ئاڵای پەڕۆ هەڵدەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆردا هەیە، دۆستی ئێمە نین و ناتوانن ببنە دۆستی ئێمە."
 
لە بەرامبەردا، یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی ئەو گرووپەی دایەوە و نووسی، "تیرۆریست باوکی ئێوەیە".
 
ئامەدسپۆر کە تائێستا بە کۆکردنەوەی 31 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەیە و هیچ شکستێکی لە خولەکەدا نەبووە، تاکە ئامانجی پاراستنی پێگەی پێشەنگی خۆیەتی بە بەدەستهێنانی سێ خاڵ لە یارییەکەی بەرامبەر بە یانەی ئینەگۆلسپۆر، کە بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی 10 ـەمی خولەکەدایە. 
 
ئەم یانەیەی باکووری کوردستان کە زۆربەی یاریزانەکانی کوردن، ساڵانێکە لە چەند پارێزگایەکی تورکیا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی دەبێتەوە؛ لە ئایاری ئەمساڵدا قەدەخەکردنی ئامادەبوونی هاندەرانی لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای ئامەد هەڵگیرا. 
 
هاندەرانی ئامەدسپۆر ماوەی حەوت ساڵ بوو مافی ئەوەیان نەبوو لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگەی یانەکە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، سەرباری هەڵگرتنی قەدەخەکە، بەهۆی گوشاری هاندەرانی یانەکانی بەرامبەریان، تائێستاش لە شارەکانی تورکیا رووبەڕووی رێگری و هێرشی نەژادپەرستی دەبنەوە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە