بەڕێوەبەری بەنداوەکان: هەندێک لە بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژ بوون

24-03-2025
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەندێک لە بەنداوە بچووکەکانی وەکو سماقووڵی و ئاوەسپی سەرڕێژ بوون، بەڵام ئاستی ئاو لە بەنداوە گەورەکان نزمە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 24-03-2025 رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئاستی ئاو لە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان نزمە، بەڵام بەنداوە بچووکەکان بڕێکی باش ئاویان تێدایە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو بەنداوانەی بارانێکی زۆر لە ناوچەکانیان باریوە، سەرڕێژ بوون، وەکو بەنداوەکانی سماقووڵی و ئاوەسپی.
 
بەنداوی ئاوەسپی دەکەوێتە سنووری کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی و توانای گلدانەوەی 13 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە؛ بەرزییەکەی 28 مەتر و درێژییەکەی 220 مەترە.
 
بەنداوی سماقووڵی دەکەوێتە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، 22 مەتر بەرزە و 110 مەتریش درێژە؛ 8 ملیۆن مەترسێجا ئاو دەگرێت.
 
رەحمان خانی لەبارەی بەنداوە بچووکەکانی دیکە گوتی، "بارانێکی دیکە ببارێت، سەرڕێژ دەبن."
 
سەرڕێژی بەنداوەکان پەیوەندیی بەو ئاوەوە هەیە کە دەڕژێتە نێویانەوە، لەگەڵ بڕی بەکارهێنانی ئاو لە بەنداوەکە و بڕی بارانبارین لە ناوچەکە.
 
لەبارەی تەواوبوونی پرۆژەکانیان، رەحمان خانی گوتی، "بەنداوەکانی نازەنین و عەلی تاڵەبانمان هەن کە تەواو نەبوون و کارەکانیان وەستاوە. لە کوردستان 20 بەنداو تەواو کراون."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان گوتی، "تاوەکو ئێستا بەنداوی نازەنین دەست بە کارەکانی نەکراوەتەوە؛ ئەوەی عەلی تاڵەبانییش هۆکاری وەستانەکەی کارەبا و ئاوە، چونکە بۆرییەکی ئاوی خواردنەوە بە دەریاچەکەدا تێدەپەڕێت؛ هاوکات کارەبایشی بەسەردا تێدەپەڕێت و فەرمانیان بۆ دەرچووە جێبەجێیان بکەن."
 
لە هەرێمی کوردستان 23 بەنداو هەن بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری، گەشتیاری و چەندین بواری دیکە سوودیان لێ وەردەگیرێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس خدر، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی.

ئەوقافی سلێمانی: ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن چاودێریی مانگ دەکەین

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر ئەمڕۆ مانگ نەبیندرێت، سبەی تەواوکەری مانگی رەمەزان دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''بۆ راگەیاندنی جەژن، پشت بە بڕیاری وڵاتانی دراوسێ نابەسترێت، بەڵکو دەبێت لە هەرێمی کوردستان مانگ ببیندرێت''.