رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی فەرهەنگیی ئەرشیفی دیبەگە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە سووتێنرا. دامەرزێنەری ناوەندەکە دەڵێت، ناوەندەکە پەرتووک و کەلوپەلی مێژوویی و کولتووری تێدایە و بەشێکی زۆری سووتاوە.
ئەمڕۆ شەممە، 29ـی ئادار، عەدنان حاجی كاكە، دامەرزێنەری ناوەندەکە بە رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێکی نەناسراو ئاگری لە فەرشی بەردەم دەرگەی ناوەندەکە بەرداوە و، دواتر تۆپەڵە ئاگری لە پەنجەرەکەوە فڕێداوەتە ژوورەوە، بەهۆیەوە کەلوپەل و کەرەستەکانی ژوورەوە زۆرێکی سووتاون و ئەوانی دیکەش زیانیان پێگەیشتووە."
ناوەندەکە چوار ژوورە، پەرتووک و کەلوپەلی مێژوویی و کولتووری تێدایە، کە گوزارشت لە مێژووی ناوچەی کەندێناوە و دیبەگە دەکات.
بە گوتەی عەدنان حاجی كاكە، "لەگەڵ ئاسایش و پۆلیسی هەولێر لەسەر خەتین و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە."
دامەرزێنەری ناوەندەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو ناوەندە پڕ بوو لە کەلوپەلی ئەنتیکە، کە هەندێکیان مێژوویان بۆ زیاتر لە 70 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، نرخی هەندێکیان سەروو 5000 دۆلارە. جگە لەوەی دەیان پەرتووکی کۆن و مێژوویی تێدایە و خەڵکی ئەم ناوچەیە هێناویانە لەو ناوەندە دایانناوە."
عەدنان حاجی كاكە گوتیشی، "ئەم ناوەندە زۆرجار بووەتە هاوکار بۆ خوێندکار و فێرخوازانی زانکۆکانی ئاکرێ و سۆران و ناوچەکانی دیکەش بوون، کە هاتوون ماستەرنامەیان وەرگرتووە لەسەر ئەم ناوچەیە و ئێمە هاوکاریان بووین."
مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، "ئەم ناوەندە هەردەم هاوكارمان بووە، هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزووترین کات لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی ئەو رووداوە بکەن و ئەنجامدەرانیشی بەسزای خۆیان بگەن."
مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر داواش دەکات، "هەموو لایەك هاوكاربن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر بنیات بنرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ